مەنسوور جیهانی ـ "ئالیسا سایمۆن" ڕخنەگری ناوداری سینەما لە ماڵپەڕی بەنرخ و گرینگی گۆڤاری سینەمایی "ورایتی" Variety سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" نووسیوییەتی: "زاڵاوا" وەرچەرخانێکی نوێیە لە گرێبەستە ژانڕییەکانی سینەمادا.

به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، “ئالیسا سایمۆن” Alissa Simon ڕخنەگری ناودار و بەئەزموونی سینەمای جیهان، دوای بینینی فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” Zalava لە دەرهێنانی سینەماکاری سنه‌یی “ئەرسەلان ئەمیری” لە بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران” Critics’ Week لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” Venice لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا لە ماڵپەڕی بەنرخ و گرینگی گۆڤاری سینەمایی “ورایتی” سەبارەت بەم بەرهەمە کوردییە نووسیوییەتی: “ئەرسەلان ئەمیری” کە لە کوردەکانی ئێرانە لە یەکەمین فیلمی بڵندی خۆیدا وەرچەرخانێکی نوێی لە گرێبەستە ژانڕییەکانی سینەمادا بەدیهێناوە؛ فیلمێک کە بە شێوازی ورد و ژیرانەی خۆیەوە بە هێواشی بەرەو تڕاژیدیایەک دەڕوات و تیایدا باوەڕە زانستییەکان لە بەرانبەر کۆنەپەرەستیدا دەوەستن و ئەم بابەتەش لە دنیای ئەمڕۆکەشدا دەنگێکی بەهێزیی هەیە. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی “زاڵاوا”، نواندنی “نەوید پوورفەرەج” ئەستێرەی قۆز، باڵابەرز، جوان چاک و سمێڵی ئەم چیرۆکە لە ڕۆڵی مڵازمێکی ژاندارمیری دایە. 

هەروەها نووسیوییەتی: لە سەرەتای فیلمەکەدا بۆمان دەردەکەوێت کە “زاڵاوا” سەدەیەک لەمەوپێش لە لایەن قەرەچەکان بەدیهاتووە و دانیشتووانی ئێستای پێستی ڕوخساریان پەڵەی پێوەدیارە و مووی سەریان سپی بووە و لە خەودا بەڕێگادا دەڕۆن.

ئەم ڕخنەگرە بەئەزموونە لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە: “مەلیحە” بە نواندنی “هودا زەینوالعابدین” دکتۆرە جوانەکەی ماڵی تەندروستی ئاواییە و لەوبڕوایە دایە کە هۆی باروودۆخی سەرسووڕهێنەر و نامۆی گوندەکە، ترس و بیروباوەڕیی کۆنەپەرستی ئەوانە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زاڵاواییەکان لە بوونی جندۆکەیەکی نوێی لە ئاواییەکه‌یان ترس و دڵەڕاوکێی کەوتۆتە گیانیان، جن‌گرێک بە نواندنی “پووریا ڕەحیمی سام” پێیوایە کە ئەو جندۆکەیەی کە نابیندرێت، دەتوانێت بیخاتە ناو بتڵێکی شووشەوە.

سایمۆن لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا نووسیوییەتی: ئەمیری و هاوکارە سیناریۆنووسەکانی واتە “ئایدا پەناهەندە” و “تەهمینە بەهرام” دیمەنی یەکەم واتە ڕووبەڕوبوونەوەی مڵازم و جنگرەکەیان بە شێوازێکی سرنجڕاکێش نووسیوە کە تەواویی دیمەنەکە بۆتە زۆرەوانی چەندین ڕاندە کە براوەی ئەم شەڕە، مڵازمکەیە کە بە گرتنی “ئامەردان” دەبێتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ئاوایی. لە بنکە سەربازییەکە، کامێڕا بە جووڵەی تایبەتی سینەمای تۆقینەرەوە؛ لە بتڵێکی بەتاڵ، ترس و دڵەڕاوکێی دەخوڵقێنێت. بە هەڵاتنی “ئامەردان” و گەڕانەوەی مڵازم بۆ ئاوایی بە هاوڕێیەتی لەگەڵ سەربازەکەی بە ناوی “یۆنس” بە نواندنی کۆمیک و ئاست بەرزیی “باسیت ڕەزایی”، نووسەرەکان مامۆستایانە مەترسیی سات بە سات، زیاتردەکەن و لە ناخی دڵی ئەم دیمەنانەشدا بەشێکی کاریگەری ئەوینداریش لە نێوان مڵازم و مەلیحەدا داندراوە.  

لە درێژەی ڕخنەکەی گۆڤاری ئه‌مه‌ریکی “ورایتی”دا نووسراوە: بەڵام “ئامەردان” دەگاتێی و ئێستا تەورێکی بەهێزی پێیە بۆ لێدانی ڕیشەی مڵازم. ئەوە لە حاڵێدایە کە دەتوانین فیلمەکە بەناونیشانی بەرهەمێکی نوێی و تازە لە سینەمای ژانڕی ئێران ستایش بکەین، ناوەرۆکی کورتەچیرۆکی فیلمەکە یەگجار لەوە سرنجڕاکێشترە. نەگریسی دەتوانێت وێکچوونێک بێت لە نەخۆشی “کۆڤید ـ ۱۹” COVID-19 واتە پەتای ڤایرۆسی “کۆڕۆنا” چونکە لە ئێستاشدا بەردەوام شەڕ لە نێوان زانست و کۆنەپەرەستیدا لە سەرتاسەری جیهان درێژەی هەیە.

“ئالیسا سایمۆن” لە کۆتایی وتارەکەیدا لە گۆڤاری سینەمایی “ورایتی” نووسیوییەتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فیلمی “زاڵاوا” بە بڕه پارەیەکی کەم بەرهەمهاتووە، دەستکەوتنی تەکنیکی ئەو زۆر جێی ستایشە. سەرکەوتنی کامێڕا لە جادە پێچەڵاوپێچە کوێستانییەکان، ئێمە وەبیر سینەمای “عەباس کیاڕۆستەمی” دەهێنێتەوە و هەڵبەت “محەمەد ڕەسووڵی” بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی فیلمەکە باش دەزانێت چۆن بە کامێڕاکەی لە دیمەنە ترس و دڵەڕاوکییەکاندا ئێمە لە جێی خۆمان ویشک بکات. لەم حاڵەشدا مۆنتاژی “عیماد خودابەخش” و مۆسیقای کەش‌سازی “ڕامین کووشا”ش بە ڕاگرتنی گوشار و باری ڕۆحی لە تەواویی بەرهەمەکەدا زۆر بە شارەزاییەوە یارمەتیدەرن.

بۆ زانیاری زیاتر:  

https://variety.com/2021/film/reviews/zalava-review-1235061364/

ڕاگەیاندنی فیلمی سینەمایی “زاڵاوا”.

  • نویسنده : ئالیسا سایمۆن