زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ یەکشەممۆ ڕێکەوتی 2020/04/05 خەبەرمان پێگەیشت کە شاعیر و هەڵبەستوانی نیشتمانپەروەری کورد، ”#ناسر_ئاغابرا ناسراو بە #ژاکاو کۆچی دوایی کرد.

موکریان بۆکان_ئانڵاین؛ زۆر بەداخەوە ئەمڕۆی یەکشەممۆ ڕێکەوتی ۲۰۲۰/۰۴/۰۵ خەبەرمان پێگەیشت کە شاعیر و هەڵبەستوانی نیشتمانپەروەری کورد، ”#ناسر_ئاغابرا ناسراو بە #ژاکاو کۆچی دوایی کرد.

ئەو هونەرمەندە بەڕێزە یەک لە هەڵکەوتەکانی ئەدەبی کوردییە کە هۆنراوەکانی وێردی زمانی خەڵکن و وەک هۆنەرێکی پێشڕەو و ئاوانگارد، هەڵوێستی خۆی نواندووە. هیچ کات لە ڕێچکەی خەڵک و بەها بەنرخەکانی نەتەوەکەی خۆی، لای نەداوە. شێعری “قەندیل”ی ئەو هۆزانە یەک لە بەناوبانگترین بەستەکانییەتی کە دەفەرمێ:

قەندیل دەڵێ من سەر بە تەمم قەندیلم
تا خێڵی کوڕانم دەگەنێ هەر دیلم
زۆر هەوری دەبابەم بە سەرا هەڵدەتەقێ
زۆر تیری نەیاران لە دڵم هەڵدەچەقێ
زۆر دەکشێ بە سەرما سێبەری داڵاشان
زۆر دەڕژێ بە سەرما پەڵە خوێنی لاشان
زۆر شەو بە برینداری لە خەو هەستاوم
هەر بەرزە قەڵای کوردم و راوەستاوم
ئەو جۆگەلە ئاوەی کە لە من ڕادەخوشێ
ڕۆڵەی گەلە وەک سوجدە لەبۆی ڕادەکشێ
کاتێ سەری زاماری لە کۆشی خۆمە
شەو تاکوو بەیان بۆ کوڕی خۆم لۆلۆمە
هۆ دوندی کەلیخانی ڕنووپۆشی بەسام
یادم کە لە ژێر هەوری دەبابان عەبەسام
دڵ کەوتووە و هێــزم نییە بیلاوێنم
سەد ڕۆستەمە کوژراوە لە سەر داوێنم
من باوکم و دڵ بە خەم و ئاواره
چوار خێڵی کوڕانی بێبەشم لێ دیارە
نەورۆزی ڕەهایی و هەڕەتی هاتی من
ڕۆڵەم دەوێ بینووسێ بەسەرهاتی من

نەمر ناسر لەبۆ کۆچی دوایی ماملێ چەند هۆنراوەیەکی ئافراند کە چەند جارێک لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی تایبەت بە یادکردنەوەی ماملێ بە دەنگی خۆی خوێندییەوە کە لە یەکیان دا ئاوا دەڵێ:

فیدای سۆزی قەتار و لایەلایەت بم، ڕوحی کوردان
فیدای نەغمە و سکاڵای نایەنایەت بم، قەڵای مەردان

ئەوینداران دەگەڵ دەنگی بڵاوێنت دەناڵێن
دەبارێنن لەداخی نامرادی و دەستلەیەکبەردان

بڵاون خێڵی کوێستانچی لە مەڵبەندی موکریانا
قریوەی نایە لەم خاکە، قوورینگی وێڵ و سەرگەردان

جەفاکاری دەکات گەردوون لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە
حەقیان نێ بچنە سەیری باغی شەقڵاوە، کراسزەردان

تەشیڕێسێکی وەک شیرین، خەشابی پێوەیە ئەمڕۆ
سەری قوربانی ئاڵای و دەچێتە ڕاوی نامەردان

هەوایەکم نییە ئوستاد خەمی خاکم لەدڵ دەرکا
سەبووری ئەو دڵم نایە، مەگەر بە گڕلەخۆبەردان

نەبوو مەوجێک فغانی دڵ نیساری عەڕشی باریکا
سەرم هەڵنایە تاوێکی لەبەر مەوجی خەم و دەردان

ئێمە لە #مەڵبەندیهونەرییماملێ ئەوپەڕی پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەروەرە بەرزەی کوردستان دەردەبڕین و لە ناخی دڵەوە خۆمان بە تازیەباری دەزانین. سەرەخۆشی لە گەلی سەربەرزی کوردستان و بنەماڵەی مامۆستا ژاکاو دەکەین و سێبوورییان بۆ بە ئاوات دەخوازین. ڕۆحت شاد شاعیرە خاکەڕاییەکە، هونەرمەندە بێدەعێیەکە و هۆنەرە هونەرمەندەکەی وڵاتی ڕۆژ.

ناسر ئاغابرا ناسرا به ژاکاو، ۲۰ی خەرمانانی ۱۳۴۷ی هەتاوی لە ئاوایی بەردەڕەشان لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لەدایک بووە. لە تەمەنی سێ ساڵیدا تووشی نەخۆشیی سوورێژە بووە کە بەچاو دەیگرێ و چاوەکانی لە دەست دەدا. خۆی دەڵێ: “خووم بە دنیای تاریکەوە گرت، بەڵام ڕووناکاییم لەبیر نەبردەوە، بەڵکوو ئەوم بە وڵاتێک دەزانی و پێم وابوو بەجێم هێشتووە”.

خوێندنی سەرەتایی وەکوو مناڵانی دیکە لە قوتابخانەی ئاوایی تەواو کردووە، لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی دەستی بە هۆنینەوەی شێعری فارسی دەکا، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی شێعر و وتارنووسی لە شاری مەهاباد بەشداری کردووە و لە زۆربەی کێبەرکێیەکاندا خەڵات گەلێکی وەرگرتووە. لە هەوەڵی دواناوەندی کە وەک قوتابیانی ئاسایی لە قوتابخانەی دواناوەندی وانەی دەخوێند، لە کێبەرکێیەکی شێعر نووسین لە قوتابخانەکانی ئێراندا بەشداری دەکا و خەڵاتی یەکەمی قوتابخانەکانی ئێران وەدەست دەهێنێ.

جێگای ئاماژەیە ئەم شاعیرە کوردە بۆ چەندین وانەی وەکوو ئینگلیزی، بیرکاری و عەڕەبی جگە لە مامۆستایانی قوتابخانە، مامۆستای تایبەتی هەبووە لە خەتی بریل کە تایبەتی نابینایانە کەڵکی وەرگرتووە. ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی لە لقی ئابووری‌ کۆمەڵایەتی دیپلۆمی وەرگرتووە، بە کالۆریۆسی (لیسانس) لە زمان و ئەدەبیاتی فارسی لە زانکۆی ئازادی مەهاباد تەواو کردووە.

ئەم شاعیرە ڕووناک دڵە، ساڵی ۷۵ی هەتاوی زەماوەندی کردووە، ساڵی ۷۷ لە شاری مەهاباد گەڕەکی سارم بەگ نیشتەجێ بووە، خاوەنی کچ و کوڕێکە.
دوو کتێبە شێعری بە ناوەکانی #کەژاوەیدڵ و #تریفەیئاوات چاپ و بڵاو بووەتەوە. بەرهەمێکی دیکەی بە ناوی #کۆلارە ئامادەی بڵاو بوونەوەیە.
جگە لە شێعر لە بواری نووسینی تەنز، شانۆ و چیرۆک دەستێکی باڵای هەبووە.
ناسر ئاغابرا ۱۷ی خاکەلێوەی ۹۹ی هەتاوی بە هۆی وەستانی دڵ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

  • منبع خبر : سایت ماموستا ماملی