مەنسوور جیهانی ـ پۆستەری جیهانی فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" بۆ نمایش لە بەشی پێشبڕکێی "هەفتەی ڕخنەگران" لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتالیا بڵاوکرایەوە.

به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” Zalava لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “ئەرسەلان ئەمیری”، لە نووسینی هاوبەشی خاتوو “ئایدا پەناهەندە”، خاتوو “تەهمینە بەهرام” و “ئەرسەلان ئەمیری” و هەروەها لە بەرهەمهێنانی خاتوو “سەمیرا بەرادەری” و “روحوڵڵا بەرادەری” لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران” Critics’ Week لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” Venice لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا نمایش دەکرێت و هەر بەم بۆنەیەوە پۆستەری جیهانی ئەم بەهەمە کوردییە لە لایەن “محەمەد حوسێن هووشمەندی” دیزایی بۆ کراوە و بۆ بەشداریی لەم ڕووداوە پلەیەکەی سینەمای جیهان و هەروەها نمایش لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی دنیا پەردەی لەسەر لادرا.

فیلمی کوردی “زاڵاوا” بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی “لۆئیجی دێ لۆرێنتس” Luigi De Laurentiis واتە خەڵاتی “شێری داهاتوو”ی تایبەت بە باشترین فیلمی یەکەم لە بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران” لە ۷۸مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بە بڕیی پارەی ۱۰۰ هەزار دوڵار لەگەڵ ۶ فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ڕکابەریی دەکات، لەوانە: “ئەوان مەرگ هەڵدەگرن” They Carry Death لە دەرهێنانی “هێلێنا گیرۆن” Helena Girón و “ساموئێل م. دێلگادۆ” Samuel M Delgado لە وڵاتانی ئیسپانیا و کۆلۆمبیا، “خاوێنکردنەوەی فڕانک” Erasing Frank لە دەرهێنانی “گابور فابریسیوس” Gábor Fabricius لە وڵاتی هەنگاریا، “دنیای سەگی” Dogworld لە دەرهێنانی “ئالساندڕۆ سێللی” Alessandro Celli لە وڵاتی ئیتالیا، “ڕەگەزی دایکایەتی” Mother Lode لە دەرهێنانی “ماتێئۆ تورتونێ” Matteo Tortone لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتالیا و سویسڕا، “ڕێگای فەرعی” Detours لە دەرهێنانی “ئاکاتێرینا سلێنکینا” Ekaterina Selenkina لە وڵاتانی ڕووسیا و هۆڵەندا و “سەمەندەر” The Salamander لە دەرهێنانی “ئالێکس کارواڵهۆ” Alex Carvalho لە وڵاتانی بڕازیل، فەڕەنسا و بڕازیل.

بەشی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی “هەفتەی ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی” فێستیڤاڵی فیلمی “ڤێنیز” لە لایەن یەکێتی ڕخنەگرانی سینەمای ئیتالیا SNCCI بەڕێوەدەچێت و ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم خولە بریتین لە: “کلۆدیۆ کاپێلینی” Claudio Cupellini دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی ئیتالیا، “وانجا کالۆدژێریچ” Vanja Kaludjercic بەرهەمهێنەر و بەرپرسی فێستیڤاڵ لە وڵاتی کڕۆواسی و “ساندرا مارکۆئێز” Sandrine Marques نووسەر و دەرهێنەر لە وڵاتی ئیسپانیا و هەروەها دادوەرانی بەشی “شێری داهاتوو”ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز”یش بریتین لە: “ئۆبێرتۆ پازۆلینی” Uberto Pasolini دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی ئیتالیا، “ماڕتین شوایغۆفێڕ” Martin Schweighofer ڕخنەگری فیلم لە وڵاتی نەمسا و “ئامالیا ئۆلمان” Amalia Ulman هونەرمەند و دەرهێنەر لە وڵاتی ئەڕژەنتین.

فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” بە بەشداریی هەندێک لە ستافە سەرەکییەکەی لە سێ سانسی جیاوازدا لەوانە؛ کاتژمێر ۱:۱۵ نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە ۸ی سێپتەمبەری ۲۰۲۱ لە سینەمای “پێرلا” Perla و هەروەها لە کاتژمێر ۷:۱۵ و ۷:۳۰ ئێوارێی ڕۆژی پێنجشەمە ۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۱ لە دوو هۆڵی “ئاسترا ۱” Astra 1 و “ئاسترا ۲” Astra 2 لە بەشی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی “هەفتەی ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی” فێستیڤاڵی فیلمی “ڤێنیز” دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

“زاڵاوا” پاییزی ساڵی ڕابردوو لە گوندەکانی سنە و دەورووبەری هەمەدان وێنەگیراوە و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا ڕەحیمی سام، خاتوو هودا زەینوالعابدین، باسیت ڕەزایی، شاهۆ ڕۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح ڕەحیمی و زاهید زەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

ئەم فیلمە کوردییە بۆ یەکەمین جار لە سی و نۆیەین خولی فیستیڤاڵی نەتەوەیی فیلمی فەجر لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە ۱۰ بەشدا کاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو کە لە دەرئەنجامدا توانی خەڵاتی سیمورغی بلووری باشترین ئەکتەری پیاو بۆ “پووریا ڕەحیمی سام”، خەڵاتی سیمورغی بلووری باشترین سیناریۆ بۆ خاتوو “ئایدا پەناهەندە” و خاتوو “تەهمینە بەهرام” و “ئەرسەلان ئەمیری”، خەڵاتی دیپڵۆمای فەخری باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ “محەمەد ڕەسوولی” و هەروەها خەڵاتی سیمورغی بلووری باشترین دەرهێنانی فیلمی یەکەم بۆ “ئەرسەلان ئەمیری” بەدەستبێنێت. 

یەکەمین ئەزموونی سینەمایی “ئەرسەلان ئەمیری” بە پشتیوانی “فڕۆم فیلمی هۆنگ کۆنگ” HAF، “مالی فیلمی کۆریای باشوور” KOFIC، بەشداریی ڕێکخراوەی سینەمایی “فاڕابی” ئێران و هەروەها دانانی سەرمایەی کۆمپانیای سینەمایی “تووبا فیلم” Touba Film بەرهەمهاتووە.

۷۸مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان، بە سەرۆکایەتی “ئالبێرتۆ باربێرا” Alberto Barbera و بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سینەماکاری ناوداری کۆریای باشوو و هەڵگری خەڵاتی چلە خورمای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا و خەڵاتی ئۆسکار “بۆنگ جوون هو” Bong Joon-ho، ڕۆژی چوارشەمە یەکی سێپتەمبەری ۲۰۲۱ بە نمایشی فیلمی سینەمایی “دایکانی هاوشان” Parallel Mothers لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری ئیسپانی “پێدڕۆ ئاڵمادۆوار” Pedro Almodóvar لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا و هەروەها بە چوونە سەر فەڕشی سووری ئەستێرەکانی ناوداری سینەمای جیهان دەستی پێکرد و تاکوو ڕۆژی شەمە ۱۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۱ بە نمایشی کۆمەلێک فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی فیلمی بڵیند” ۲۱ بەرهەم، بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی کورتە فیلم” ۱۲ بەرهەم، بەشی “ئاسۆکان” Orizzonti  19 بەرهەم، بەشی “پێشبڕکێی هەفتەی ڕخنەگران” ۷ بەرهەم، بەشی “پێشبڕکێی گەشەپێدانی ڤێنیز” ۲۴ بەرهەم، بەشی “دەرەوەی پێشبڕکێی” لەوانە؛ بەشی “نمایشی فیلمی بڵیند” ۱۹ بەرهەم، بەشی “نمایشی تایبەت” ۶ بەرهەم، بەشی “دەرەوەی پێشبڕکێی هەفتەی ڕخنەگران” ۲ بەرهەم، بەشی “نمایشی کورتە فیلم” ۲ بەرهەم، بەشی “ئاسۆکانی ئێکستڕا” Orizzonti Extra  8 بەرهەم، بەشی “کۆلێژی دوو ساڵانە” ۷ بەرهەم، بەشی “پێشبڕکێی گەشەپێدانی ڤێنیز” ۲۴ بەرهەم و چەندین بەشی دیکە درێژەی دەبێت.

بۆ زانیاری زیاتر: https://www.sicvenezia.it/en/films/zalava/?cn-reloaded=1