مه‌نسوور جیهانی ـ "عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی پایه‌به‌رزی مامۆستایانی کورد "هەژار"، "هێمن" و "هێدی"، جه‌ختی کرده‌وه: هەژار و هێمن و هێدی، سێ لەو سەنگەرانە بوون کە هەموو ژیان و خۆشییەکانی خۆیان لە پێناو نەتەوەکەیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی گرینگترین بەشی نەتەوەبوون کە زمانە بپارێزرێت و بگاتە لووتکە و شایستەی ئەوە بێت بە جیهانی بکرێت.

موکریان بوکان آنلاین | “عه‌باس غه‌زالی” که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی به‌رچاو و ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی پایه‌به‌رزی مامۆستایانی کورد هەژار، هێمن و هێدی، وتارێکی نووسیوه که ده‌قی ته‌واویی ئه‌م وتاره سه‌باره‌‌ت به‌م ئەدیبە مەزنانە له خواره‌وه‌‌دا هاتووه: «کورد بۆ مانەوەی خۆی و ستاندنەوەی مافەکانی خۆی لە هەموو بوارێکدا بە پێی توانا بەرگری کردووە و لە زۆر بواردا شۆڕشی کردووە و ئەو شۆڕشانە ڕێبەرانی خۆیان هەبووە.

کەلتووری کورد و زمانی کوردی کە بەشێکە لە پێکهاتەی سەرەکیی نەتەوەیی کورد و خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو کوردە، وەک هەموو مافەکانی دیکە لە ژێر هەڕەشەی مەترسیداری تواندنەوە و جینۆسایددا بووە.

بەڵام پێش ئەوەی تەنانەت کورد کیانێک و ناوەندێکی زانستی و فەرهەنگی هەبێت خۆبەختکارانی بواری هونەر و ئەدەبیات، بوون بە سەنگەری بەرگری و بەرخۆدان.

سێ لەو سەنگەرانە هەژار و هێمن و هێدی بوون کە هەموو ژیان و خۆشییەکانی خۆیان لە پێناو نەتەوەکەیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی گرینگترین بەشی نەتەوەبوون کە زمانە بپارێزرێت و بگاتە لووتکە و شایستەی ئەوە بێت بە جیهانی بکرێت.

ئەوان بە هێواشی و بە ئارامی خۆنەویستان بوونە ڕێبەرانی خەباتی فەرهەنگی. ئەم سێ قەڵایەی ئەدەبیات چونکە ڕیشەیان لە ناو خاک و فەرهەنگی کوردیدا ڕۆچووبوو هەوای نیشتیمانیان هەڵمژیبوو و ئاوی وڵاتیان بە ناو ڕەگدا ڕۆیشتبوو، بەرهەمیان بۆ ئەو خاکە و فەرهەنگە هەبوو و بە هیچ هەڕەشەیەک وازیان لە خزمەت کردن بە گەل و وڵات نەهێنا.

“هەژار” پایەیەکی ئەو سێ کوچکە بوو کە کوردستانی بە پیرۆزترین و دەوڵەمەندترین شت دەزانی و بۆ کوردستان گوتی: کوردستان نیشتیمانی جوانم ـ هێزی دەروونم ئارامی گیانم. هەژار بەو گوڕ و هێزەوە جگە لە ئەدەبیات و فەرهەنگ نووسی و کارە بەرزەکانی وەرگێڕان لە سێ زماندا، بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز؛ جگە لەوەی خزمەتی بە دین کردووە خزمەتی بە عەقڵی تاکی کورد کردووە بۆ ئەوەی بە چاکی بە زمانی دایکیی خۆی لە دین تێبگات و لە پەنا دینداریدا خزمەت بە فەرهەنگ و نیشتیمانی خۆی بکات.

“هێمن” جگە لە زمان و ئەدەبیات، لە کاری سیاسیشدا بەشدار بووە و لەو پێناوەدا هەمیشە دەربەدەر بووە و دواتر گۆڤاری “سروە”شدا نەک زیرەکانە داوی هەڵوەشاندنەوە بەڵکوو “سروە”ی کردە هەلێک بۆ ئەوەی خزمەت بە زمانی کوردی بکات و مافی کەلتووریی کورد بکاتە ئەمری واقیع و زەمینەی بۆ هەموار بکات.

هێمن کەسێکە کە لە سەدەی بیستەمدا ژیا بەڵام ئەمڕۆ شیعری ئەو کە دەڵێ: “با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی ڕوونیشمان هەبێ – تاکوو ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە” بووە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و هەموو جیهانی بەخەبەر هێنا.”هێدی” ئەدیبێک بوو کە لە پێناو کوردو ژیانی خۆشیی وەلانا پێشمەرگایەتی و کاری سیاسی دەکرد و لە دوورە شار و زێدی خۆی کۆچی دوایی کرد. ئەو بە باوەڕەوە دەڵێ: “کوردەواریم کە نەبێ گیان و ژیانم ناوێ ـ گیان ئەوە، ئەو کە نەبوو بۆچی دەبێ ئەو بەدەنە”.

هێدی جگە له کاری وەرگێڕان، بە زمانێکی زۆر بەرز و ناسک، زمانی کوردی شیرینتر نیشان دا. ئەویش وەک توانای کوردێکی لێهاتوو لە زمانی فارسیشدا ئیستیعدادی کوردی نیشانی نەتەوەکانی دیکە دا.ئەم سێ ئەدیبە بەرزەی کورد هەر یەکەی توێژینەوەی خۆی دەوێ و لە یەک وتاردا ناکرێ باسی هەموویان بکەین.

بە گشتی ئەوەی کە لە کار و بەرهەمی هاوبەشی ئەم سێ ئەدیبە مەزنەی کورد جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەوان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەوڵیان داوە هەموو کەلێن و کێماسییەکانی ئەدەبیات ببینن و کاری تێدا بکەن.

ئەمڕۆ بەرهەمی خەباتی ئەوان لە زانکۆکانی کوردستان بۆتە ماددەی گرینگی زانستی.

ئەوان بە هەژاری و بە هێمنی و بە هێدی لە هەواری فەرهەنگدا نەک هەر خزمەتیان بە زمانی کوردی کرد بەڵکوو زانکۆکانیشیان دەوڵەمەند کردن.کورد بەوە سەربەرزە کە بەرهەمی ئەوان وەردەگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا و لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەدەبیاتی کوردی دەبێتە ئەدەبیاتێکی جیهانی.

توانا و ئیستیعدادی ئەوان نەک هەر لە زمانی کوردی، بەڵکوو زمانەکانی دیکەی ناوچەکەشدا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان بە چاوێکی نەژادپەرەستانە سەیری ئەدەبیاتی گەلانی دیکە ناکەن و لە ڕێی ئەدەبیات فەرهەنگی پێکەوەژیان لای کورد بەرجەستە دەکەنەوە و پێیان وایە ئەدەبیات سنووری توندڕەوی تێدەپەڕێنی و تەنها جوانی و مرۆڤایەتی دەبینێ. ئەم سێ مێرگ و گوڵزارە پڕ لە گوڵەی کوردستان لەو پەڕی سەختیدا توانیویانە خزمەتێکی مەزن بە هەر چوار پارچەی کوردستان بکەن. ئەوان جگە لە ئەدەبیات، بەوپەڕیی دڵسۆزییەوە لە چالاکیی سیاسیشدا چاونەترسانە کاریان کردووە.

هەر لە ژێ کاف تا دەگاتە کۆمار و شۆڕشی ئەیلوول جێی پەنجەیان دیارە. ئەم سێ هەڵۆیانە لە ڕووی مافی مرۆڤ کەلتووری کوردیان بە تایبەتی لە ڕێزلێنان لە مافی ژن لە زاگرۆس تێپەڕاند و گەیاندیانە هەموو جیهان. ئەوان ئەدەبیاتی منداڵانیان بە گرینگییەوە بینیوە.

هەروەها هۆنراوەکانیان شایستەی ئەوەن بکرێن بە سروودی نیشتیمانی. لە ناو ئەدەبیاتی ئەم سێ بەرزە شاعیرەی کورددا مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و ژینگەدۆستی بە بەهایەکی بەرز دانراوە.

ئەوان بوونە قوتابخانەیەک و ئەمڕۆ دەیان لاوی زانکۆ بە ڕێچکەی ئەواندا دەڕۆن و گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر بەرز کە جێی ئومێد و شانازییە.

ئەوەی لێرەدا بۆ ڕۆشنبیرانی کورد وەک وانەیەکە ئەوەیە کە ئەم ئەستێرە بەرزانەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردی هەر یەکەی خۆی بە قوتابی ئەویتر دادەنێت و بۆ خۆشەویستیی یەکتر شیعریان گوتووە و پەسنی کاری یەکتریان داوە کە ئەمەش بە وانەی ئەخلاقی ڕووناکبیری دادەنرێت و پێویستە ئەم کەلتوورە لەگەڵ ڕەخنەی بەجێی و زانستی برەو بدرێت.ئەوەی لێرەدا گرینگە و بە ئەرکی دامەزراوەکانی حکوومەت دادەنرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگەی زانستی کار و بەرهەمی ئەو سێ بەرزە شاعیرە هەڵسەنگێنێت و کاری توێژینەوەییان لەسەر بکات، بەبێ ئەوەی نیگای سیاسی و ژیانی تایبەتی ئەوان بکاتە پێو

پێویستە لە بواری پەروەردەییدا هێشتاش گرینگییەکی زیاتر بە بەرهەمی ئەم سێ هەڵۆ بەرزەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردی بدرێت.

پێویستە بە هونەر ئەم سێ ئەدیبە بەرزە نەک هەر بە نەوەی ئێستا بناسرێن بەڵکوو پێویستە زیاتر بە جیهانیش بناسرێن.

پێویستە مەیدانی زیاتر بە شوێنکەوتووانی ئەوان بدرێت و هاوکارییەکی تەواویان بکرێت بۆ ئەوەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەوڵەمەندتر بکەن. هیوادارین ساڵانە خەڵاتی ئەدەبیی بە ناوی ئەم ئەدیبانە بدرێتە کەسانی شایستە لە ناو کورد و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەش.

هیوادارین لە سەر ناوی ئەم ئەدیبە مەزنانە، ساڵانە کورسی خوێندن بە هەموو خزمەتگوزارییەکەوە لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بۆ کوردی پارچەکانی دیکە و تەنانەت بۆ قوتابیانی غەیرەکوردیش لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.

هیوادارین حکوومەتی کوردستان بە هاوکاریی زانایان کورد لە هەموو ڕوویەکەوە گرینگی بە زمان، وەک سەرەکیترین ڕیشەی پاراستنی نەتەوەی کورد، بە کەلک وەرگرتن لە دیدگەی ئەم سێ ئەدیبە مەزنە بدەن.»

  • نویسنده : منصور جهانی