مه‌نسوور جیهانی – فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" له‌ ده‌رهێنانی خوالێخۆشبوو "ره‌حیم زه‌بیحی" و له‌ به‌رهه‌مهێنانی "توره‌ج ئه‌سڵانی" له‌ به‌شی پێشبڕکێی سی و سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ئیدفا"ی هۆڵه‌ندا وه‌رگیرا.

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو “رەحیم زەبیحی” و لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” لە بەشی پێشبڕکێی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “ئیدفا”ی هۆڵەندا وەرگیرا.

فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی” و لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” دەرهێنەر و بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی ئەزموونخوازیی سینەمای کوردستان و ئێران، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی سینەمای ئێران، لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان” Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا” IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا نمایش دەکرێت.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.

فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا”، گرینگترین فیستیڤاڵی دیکۆمێنتاریی جیهان دێتەئەژمار، کە ئەمساڵ بە دوو شێوەی ئۆنلاین و فیزیکی و بە نمایشی بەرهەمە دیکۆمێنتییەکانی دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “فیلمە بڵیندەکان”، بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان”، بەشی پێشبڕکێی “دیکۆمێنتە خوێندکارییەکان”، بەشی پێشبڕکێی “منداڵان و دیکۆمێنت”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی Luminous، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی Frontlight و … لە ڕۆژانی ۱۶ی نۆڤەمبەر تاکوو ۶ی دیسەمبەری ۲۰۲۰ لە شاری ئەمستڕدام لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.

سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی” ساڵی ۱۹۷۱ لە شاری بانە لە پارێزگای کوردستان لە وڵاتی ئێران لە دایک بووە و دەرچووی ناوەندیی سینەمای لاوانی مەهاباد و ماوەی ۲۰ ساڵ لە بواریی هونەرە شانۆییەکان وەکوو دەرهێنەر و شانۆنامەنووس چالاکی کرد و ساڵی ۲۰۰۲ یەکەمین کورتە فیلمی خۆی بە ناویی “هاوار” ساز کرد کە لە فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا لە لایەن کارناسان و ڕخنەگرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و لە درێژەدا، نووسەر و دەرهێنەریی چەندین کورتە فیلمی دیکەی لەوانە؛ “ساتەلایت”، “دەرچوون”، “کۆتایی شەڕ”، “دڵەڕاوکێ”، “پیاوێک کە چوو بۆ سەیران” و … لە ئەستۆدا بوو.

نمایشی کورتە فیلمی “هاوار” لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان، لەوانە؛ “کلرێمۆنت فڕاند”ی فەڕەنسا، “هامبۆرگ”ی ئەڵمانیا، “سائۆ پائۆلۆ”ی بڕازیل، کورتە فیلمی تاران، سۆنی، ئیسفەهان، وارێش، باران و چەندین فیستیڤاڵی دیکە پێشوازیی لێکرا و کاندیدی باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی گرینگی “کلرێمۆنت فڕاند” Clermont-Ferrand لە وڵاتی فەڕەنسا بوو.

هەروەها فیلمە تەلەڤیزیۆنییەکانی “ساتەکان دەفرۆشرێن”، “تێستێک لە شاردا”، “ئاوابوونی هەتاو”، “دارێک کە بە با دەخنکا”، “لەو ساتەی کە ئاور بوونی هەیە”، “رەنج نامە”، “لەو سانەی کە تیغ بوونی هەیە، قوربانین”، “مەشخەڵان” و … هەندێک لە بەرهەمەکانی ئەم دەرهێنەرەن.

زەبیحی لە ساڵی ۲۰۱۱ فیلمی دیکۆمێنتی “کێلێک بۆ گۆڕیی برا شەهیدەکەم”ی ساز کرد. ئەم فیلمە ۴۰ خولەکییە کاندیدی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “خۆڕاگریی” بوو و لە ۶۵ ناوچەی سنووریی لە ۱۶ پارێزگای ئێران و هەروەها ۹ وڵاتی جیهان، لەوانە؛ کۆریای باشوور، لوبنان، تورکیا، هیندستان، مالیزیا، بۆسنی و هێرزێگۆڤین، ئەرمەنیستان، کینیا و فەلەستین (غەزە) نمایش کرا.

ئەم فیلمە هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئایینی “رۆیش” لە شاری مەشهەد، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەدەستهێنا و هەروەها لە شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “سینەما حەقیقەت”ی تاران لە ساڵی ۲۰۱۱ توانی پلەی یەکەمی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم ڕووداوە سینەماییە لە بەشی “جەنگ”دا بۆ خۆی مسۆگر بکات. “محەمەد ڕەزا ئەسڵانی” دەرهێنەر و دیکۆمێنتسازی ناودار و بەرچاویی سینەمای ئێران، سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی ئەم خولەی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “سینەما حەقیقەت” بوو. 

هونەرمەند “رەحیم زەبیحی” وەکوو روخسارێکی ناسراو لە بواریی فیلمسازی، ئەندامی لێژنەی دادوەران و لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئامێد” لە ساڵی ۲۰۰۵، ئەندامی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی “سلێمانی” لە ساڵی ۲۰۰۴، ئەندامی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی “رانیە” لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۰۵ بوو و یاریدەدەری دەرهێنەر و بەرنامەداڕێژی فیلمی سینەمایی “ئەسپ” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “مەهدی ئومێد” بە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی “توورەج ئەسڵانی” لە ساڵی ۲۰۰۵ و ئەندامی گرووپی دەرهێنانی فیلمی سینەمایی “تەنیایی با” لە دەرهێنانی سینەماکاری لوڕ “وەحید مووسائیان” لە ساڵی ۲۰۰۴ بوو.  

ناوەرۆکی بابەتەکانی زیاتری فیلمەکانی زەبیحی سەبارەت بە توندووتیژی ژنان و منداڵان و هەروەها قوربانیانی جەنگ بوو. ئەم سینەماکارە کوردە لە زیاتر لە ۵۰ رووداوی سینەمایی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا بەشداریی کرد و خەڵاتی جۆراوجۆری بەدەستهێنا.

“رەحیم زەبیحی” دەرهێنەری سێ فیلمی بڵیندی سینەمایی “نیشتمانی ئەفسانە” “بابا نۆئێل گریا” و “رۆژی دواتر” لە کارنامەی هونەریی خۆیدا بوو کە “نیشتمانی ئەفسانە” بە ڕوانینی مرۆڤانە بە قوربانیانی جەنگ و بابەتی ڕووخانی رژیمی بەعس و محاکمەی بەرپرسانی؛ لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ساڵی ۲۰۱۸ لە بەشی پێشبڕکێی “سینەماکارەکانی سەردەمی ئێستا” لە شەست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “لۆکاڕنۆ” لە وڵاتی سویسڕا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە درێژەدا لە رووداوە گرینگە سینەماییەکانی دیکەی جیهانیش نمایش کرا.

ئەم فیلمسازە کۆچکردووە، ئێوارێی رۆژی هەینی ۷ی دیسەمبەری ساڵی ۲۰۱۸ لە تەمەنی ۴۷ ساڵیدا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ “کەیوان زەبیحی” برای لە جادەی گوندی “نیزە روود” سەر بە شاری بانە، لە رووداوێکی پێکانی دەستکرددا و سووتانی بە ئەنقەستی ئۆتۆمبێلەکەی، بە شێوەی گوماناویی و دڵتەزێن، زۆر ناجوامێرانە کوژرا.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.idfa.nl/en/film/e2459a65-4b02-4731-be76-6d55e34bc056/holy-bread

بەڕێوەبەرایا‌تی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز”.

  • نویسنده : دبیر گروه فرهنگ و هنر | منصور جهانی