مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی کوردی "زاڵاوا" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" لە بەشی "شەیدایانی نیوە شەو" لە چل و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆڕۆنتۆ" لە وڵاتی کەنەدا پێشوازیی لێکرا.

به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” Zalava لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “ئەرسەلان ئەمیری” لە نووسینی هاوبەشی خاتوو “ئایدا پەناهەندە”، خاتوو “تەهمینە بەهرام” و “ئەرسەلان ئەمیری” و هەروەها لە بەرهەمهێنانی خاتوو “سەمیرا بەرادەری” و “روحوڵڵا بەرادەری” لە دووهەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە چوار سانسی جیاوازدا لەوانە: کاتژمێر ۸:۳۰ی پیشنیوەڕۆ و ۶:۳۰ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ۱۵ی سێپتەمبەری ۲۰۲۱، کاتژمێر ۶:۳۰ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ۱۶ی سێپتەمبەری ۲۰۲۱ و هەروەها کاتژمێر ۳:۳۰ی بەرەبەیانی ڕۆژی ۱۸ی سێپتەمبەری ۲۰۲۱ بە شێوەی ئامادەبوون و بە شێوەی ئۆنلاین لە بەشی “شەیدایانی نیوە شەو” Midnight Maddens لە چل و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆڕۆنتۆ” Toronto لە شاری توڕۆنتۆ لە وڵاتی کەنەدا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن بینەرانی هونه‌ری سینه‌ما و هەروەها ڕۆژنامه‌نووسان، نووسەران و ڕخنەگرانی سینەماییه‌وە پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا.

“زاڵاوا” وەکوو یەکەمین فیلمی هەڵبژاردەی کوردیی و ئێرانی لە تەنیشت ۵ بەرهەمی سینەمایی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەم بەشە پڕبینەرەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆڕۆنتۆ” نمایشکرا، کە فیلمی سینەمایی “تیتانێ” Titane لە دەرهێنانی خانمە سینەماکاری فەڕەنسا “جولیا دۆکۆڕنۆ” Julia Ducournau هەڵگری خەڵاتی چلەخورمای زێڕینی ۷۴مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی ۲۰۲۱ یەکێک بوو لەم شاکارانەی سینەمای ئەمساڵی جیهان.

بەشی “شەیدایانی نیوە شەو” یەکێکە لە بەشە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆڕۆنتۆ” کە لە ساڵی ۱۹۸۸ و بە مەبەستی نمایشی فیلمەکانی ژانڕی تۆقێنەر، فانتازیا، زانستی، خەیاڵ و پڕشەڕ و شۆڕ دامەزراوە. نمایشی فیلمەکانی ئەم بەشە لە نیوەی شەو دەستپێدەکات و یەکێکە لەو بەشانەی کە گەنجەکانی هۆگریی هونەری سینەما زۆر تامەجرۆی فیلمەکانی ئەم ڕووداوە پلەیەکەی سینەمای جیهانن.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆڕۆنتۆ” لە تەنیشت فێستیڤاڵی “ساندەنس” Sundance، گرینگترین فێستیڤاڵی ئەمەریکای باکوور دێنەئەژمار و چل و شەشەمین خولی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕۆژانی ۹ تا ۱۸ی سێپتەمبەری ۲۰۲۱ لە شاری تۆڕۆنتۆ لە کەنەدا بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.tiff.net/events/zalava

ڕاگەیاندنی فیلمی سینەمایی “زاڵاوا”.

  • نویسنده : مەنسوور جیهانی