مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی کوردی "زاڵاوا" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" خەڵاتی هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فانتاستیک فێست" لە وڵاتی ئەمەریکای بەدەستهێنا.

به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” Zalava لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “ئەرسەلان ئەمیری” لە سێیەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “شەپۆلی دوایی” Next Wave لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فانتاستیک فێست” Fantastic Fest لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی ئەم بەشەی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت. 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فانتاستیک فێست” کە گەورەترین فێستیڤاڵی ژانڕ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دێتەئەژمار، هەموو ساڵێک ئەو فیلمانەی کە لە ژانڕی تۆقێنەر، فانتازیا، زانستی، خەیاڵ و پڕشەڕ و شۆڕ پێکهاتوون لە سەرتاسەری جیهان دەستنیشان دەکات و بە مەبەستی ڕێزلێنان لەو فیلمە ژانڕیانەی کە بە چیرۆکی نوێی و پڕکێشەوە سازکراون، بە هۆگرانی هونەری سینەما دەناسێنێت. 

“زاڵاوا” لە نووسینی هاوبەشی خاتوو “ئایدا پەناهەندە”، خاتوو “تەهمینە بەهرام” و “ئەرسەلان ئەمیری”، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ ۸ فیلمی هەڵبژاردە لە ژانڕە جۆراوجۆرەکاندا لە وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەندوونیزیا، سوید، ئەفریقای باشوور، سێنگال، پورتوگال و بەلژیکا لە ڕۆژانی ۲۳ تا ۳۰ی سێپتەمبەری ۲۰۲۱ لە شاری ئاستین لە ویلایەتی تێگزاس نمایشکرا و لە دەرئەنجامدا لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “شەپۆلی دوایی” Next Wave بە ناونیشانی باشترین فیلم هەڵبژێردرا و سێیەمین خەڵاتی جیهانی خۆی بەدەستهێنا.

ئەم فیلمە کوردییە لە بەرهەمهێنانی خاتوو “سەمیرا بەرادەری” و “روحوڵڵا بەرادەری” پاییزی ساڵی ڕابردوو لە گوندی شیان سەر بە شاری سنە و خوڕەمڕوود لە پارێزگای هەمەدان لە ۴۹ ڕۆژدا بە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی “محەمەد ڕەسوولی” وێنەگیراوە و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا ڕەحیمی سام، خاتوو هودا زەینوالعابدین، باسیت ڕەزایی، شاهۆ ڕۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح ڕەحیمی و زاهید زەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

“زاڵاوا” کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی دانیماڕکی “لیولک” LevelK لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران” Critics’ Week لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” Venice لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانی سینەما و ڕخنەگرانەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا و توانی خەڵاتی “فیپڕشی” FIPRESCI واتە “فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی سینەما” بە ناونیشانی باشترین فیلمی سێ بەشی “ڕۆژەکانی ڤێنیز” و هەروەها خەڵاتی گەورەی “هەفتەی ڕخنەگران” بەدەستبێنێت.

“زاڵاوا” یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد “ئەرسەلان ئەمیری” بە هاوڕێیەتی لەگەڵ فیلمی سینەمایی “ڕووداو” L’evenement لە دەرهێنانی “ئادرێ دیوان” Audrey Diwan توانی خەڵاتی “فیپڕشی” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بەدەستبێنێت. ئەم خەڵاتە گرینگە بە فیلمێکی بەشی سەرەکی و تەنیا بە فیلمێک لە نێوان فیلمەکانی بەشی “ئاسۆکان” Orizzonti، سەربەخۆی “هەفتە ڕخنەگران” Critics’ Week و هەروەها “ڕۆژەکانی ڤێنیز” Venice Days پێشکەش دەکرێت. ئەم فیلمە فەڕەنسیە توانی خەڵاتی “شێری زێڕین”ی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بباتەوە.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://fantasticfest.com/news/entry/fantastic-fest-2021-awards

ڕاگەیاندنی فیلمی سینەمایی “زاڵاوا”.

  • نویسنده : مەنسوور جیهانی