مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و نوێنەری وڵاتی عێراق لە ئاکادیمیای ئۆسکاری ساڵی 2023 لە ناوه‌ندی هونه‌ری "العین القطره" له شاری ئه‌بووزه‌بی لە وڵاتی ئیماڕات نمایش کرا.

موکریان بوکان ئانلاین | فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بۆ یەکەمین جار لە ناوه‌ندی هونه‌ری “العین القطره” Al-Ain’s Al-Qattara له شاری ئه‌بووزه‌بی لە وڵاتی ئیماڕاتی یه‌کگرتووی عه‌ڕه‌بی پێشکەش کرا. کۆمپانیای سینه‌مایی میسری MAD Solutions مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه‌ی له وڵاتانی عه‌ڕه‌بی له ئه‌ستۆدایه.

ئه‌مه بۆ دووهه‌م جاره که یه‌کێک له فیلمه‌کانی “شەوکەت ئەمین کورکی” به ئاکادیمیای ئۆسکار ده‌ناسێندرێت؛ بۆ یه‌که‌مین جار، فیلمی سینەمایی “بیره‌وه‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌رد” Memories On Ston له ساڵی ٢٠١۶ به هه‌شتاو و هه‌شته‌مین خولی خه‌ڵاتی ئۆسکار به ناونیشانی باشترین فیلمی زمانی بیانی به شێوه‌ی فه‌رمی له لایه‌ن وڵاتی عێراقه‌وه ناسێندرابوو.

“ئەزموون” لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” Crystal Globe لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کاڕلۆڤی ڤاری” Karlovy Vary لە وڵاتی کۆماری چیک نمایشکرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم واتە “فیپێڕشی” FIPRESCI ئەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیهان بەدەست بێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تیرانا” Tirana لە وڵاتی ئەڵبانیا، خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان” UNFPA لە بەشی پێشبڕکێی “پانۆڕامای نێودەوڵەتی” لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قاهیرە” Cairo لە وڵاتی میسر، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیکتۆریا” Victoria لە وڵاتی کەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنس” Mons لە وڵاتی بەلژیکای بەدەستهێناوە.

“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

لەم فیلمە سینەماییەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان، حەمە ڕەشید هەرەس و یانا توانا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” له دوایین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا بە ئامادەبوونی “ئاوان جەماڵ” یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، بۆ یەکەمین جار لە کاتژمێر ۴ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ۳ی دیسەمبەری ۲۰۲۲ لە شاری لۆس ئانجلێس و لە کاتژمێر ۱ی نیوەڕۆی ڕۆژی ۶ی دیسەمبەری ۲۰۲۲ لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و هەروەها لە درێژەدا کاتژمێر ۴ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ۸ی دیسەمبەری ۲۰۲۲ لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا پێشکەش کرا.