مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی کوردی "زاڵاوا" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان ئەمیری" لەم ماوەیەدا لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی "فیلادێلفیا"، "هۆنگ کۆنگ"، "مەکزیک" و "سائۆپۆلۆ" نمایشکراوە و هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" نمایش دەکرێت.

به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” Zalava لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “ئەرسەلان ئەمیری” لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە ڕۆژانی ۲۴ و ۳۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ لە بەشی “ئاسۆی ئێران” لە ۳۰مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فیلادێلفیا” Philadelphia لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسیلوانیا لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

ئەم بەرهەمە کوردییە لە بەرهەمهێنانی خاتوو “سەمیرا بەرادەری” و “روحوڵڵا بەرادەری” هەروەها لە ڕۆژانی ۲۸ی ئۆکتۆبەر و ۶ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ لە بەشی Crake لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “فیلمە ئاسیاییەکان” لە وڵاتی هۆنگ کۆنگ چووە سەر پەردە. 

“زاڵاوا” لە نووسینی هاوبەشی خاتوو “ئایدا پەناهەندە”، خاتوو “تەهمینە بەهرام” و “ئەرسەلان ئەمیری” لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە یەکەمین نمایشی لە ئەمەریکای لاتین لە بەشی پێشبڕکێی “دەرهێنەرە نوێیەکان” لە چل و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سائۆپائۆلۆ” São Paulo لە وڵاتی بڕازیل نمایشکرا.

ئەم فێستیڤاڵە کە گرینگترین ڕووداویی سینەمایی ئەمەریکای لاتینە، لە ڕۆژانی ۲۱ی ئۆکتۆبەر تا ۳ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ لە شاری “سائۆپائۆلۆ” لە وڵاتی بڕازیل بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد “ئەرسەلان ئەمیری” لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی چواردەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆربیدۆ” Morbido گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمە تۆقێنەرەکانی وەحشەت و فانتاسی (سەیر و سەمەرە) لە ئەمەریکای لاتین نمایشکرا و بۆ بەدەستهێنانی کەلەسەریی نوقرەیی ئەم ڕووداوە سینەماییە لەگەڵ چەندین فیلم لە ڕکابەریدا بوو.

ئەم ڕووداوە سینەماییە بە مەبەستی ناساندنی بەرهەمە جیاوازەکانی سینەمایی ژانڕی دەگمەن لە سەرتاسەری جیهان، هەموو ساڵێک بە بەشداریی فیلمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە ڕۆژانی ۲۸ی ئۆکتۆبەر تا ۳ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ لە شاری مێکزیکۆسیتی لە وڵاتی مەکزیک بەڕێوەدەچێت.

هێمای فەرهەنگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆربیدۆ”، جەژنی مردووەکانی مەکزیکە کە تەندیسێکی کەلەسەریی نوقرەیی وەکوو خەڵاتی فەرمی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە براوەکان پێشکەش دەکرێت. 

“زاڵاوا” لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok نمایش دەکرێت. ئەم ڕووداوە سینەماییە لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”، بەشی “ڕوانینێک بە سینەمای جیهان”، بەشی “پانۆڕامای سینەمای کوردی”، بەشی “نمایشی تایبەت” و … لە ڕۆژانی ۱۵ تا ۲۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک و هەروەها لە هۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی “مازی مۆڵ” لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.

ئەم فیلمە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە گوندی شیانی شاری سنە و خوڕەمڕوود لە پارێزگای هەمەدان لە ۴۹ ڕۆژدا بە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی “محەمەد ڕەسوولی” وێنەگیراوە و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران و کوردستان، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا ڕەحیمی سام، خاتوو هودا زەینوالعابدین، باسیت ڕەزایی، شاهۆ ڕۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح ڕەحیمی و زاهید زەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

“زاڵاوا” کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی دانیماڕکی “لیولک” LevelK لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران” Critics’ Week لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” Venice لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا نمایشکرا و توانی خەڵاتی “فیپڕشی” FIPRESCI واتە “فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی سینەما” بە ناونیشانی باشترین فیلمی سێ بەشی “ڕۆژەکانی ڤێنیز” و هەروەها خەڵاتی گەورەی “هەفتەی ڕخنەگران” بەدەستبێنێت.

“زاڵاوا” کە بە پشتیوانی “فڕۆم فیلمی هۆنگ کۆنگ” HAF، “مالی فیلمی کۆریای باشوور” KOFIC، بەشداریی ڕێکخراوەی سینەمایی “فاڕابی” ئێران و هەروەها دانانی سەرمایەی کۆمپانیای سینەمایی “تووبا فیلم” Touba Film بەرهەمهاتووە، هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی “شەپۆلی دوایی” Next Wave لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فانتاستیک فێست” Fantastic Fest لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.

  • نویسنده : مەنسوور جیهانی