مکریان بوکان آنلاین؛
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو” کە لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە بەرپرسیاری “ئیبڕاهیم سەعیدی” سینەماکاری ناودار و بەرئەزموونی کورد، بە هاوکاری کۆمەڵەی چاپ و لەیزێری “زاگڕۆس”ی مەهاباد بە بەرپرسیاری “لوقمان رەحمانی” و ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی مەهاباد و بە لێژنەی دادوەری “جابر قاسمعەلی” و “محەمەدڕەزا گەوهەری” لە سیناریۆنووسانی ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران؛ لە هۆڵی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو و براوەکانی کۆتایی ئەم ڕووداوە سینەماییە لە نێوان سیناریۆنووسانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان بە شێوەی خوارەوە ناسێندران و خەڵات بەسەریاندا دابەشکرا.
ـ سیناریۆی “جانتا” (چمدان) لە نووسینی هاوبەشی “برایانی سامکۆ” بریتین لە “ئاکۆ زەندکەریمی” و “سامان حوسێن پوور” لە شاری سنە، پلەی یەکەم.
ـ سیناریۆی “با ئێمە لەگەڵ خۆی دەبات” (باد ما را خواهد برد) لە نووسینی “وەحید خودابەندەلوو” لە شاری قوروە، پلەی دووهەم.
ـ سیناریۆی “ئامین” لە نووسینی “گوڵاڵە ستاوەند” لە شاری مەهاباد، پلەی سێیەم.
لەم ڕێوڕەسمەدا لە پێناو گرینگیدان بە ئەدەبیات وەکوو گرینگترین سەرچاوەی گێڕانەوە لە سینەمادا لە نووسەری نوێخوازی کورد “جەلیل رەحیمی” بە بۆنەی هەوڵ بۆ خوڵقاندنی کەشووهەوایەکی بینراویی بەهێز و ئایدیای نوێی مرۆڤانە لە بەرهەمە چیرۆکییەکانی خۆیدا لە لایەن بەرپرسانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو” ڕێزی تایبەتی لێگرا.
لەم بەرنامەیەدا، مامۆستا “عەبدوالسەلام ئیمامی” پێشنوێژی هەینی مەهاباد، “ئەمیر قادری” قایم مەقامی تایبەتی شاری مەهاباد، سەرۆکی نووسینگەی نوێنەری مەهاباد لە پەڕڵەمانی ئێران، دکتۆر “ئاڕش شەهابی” سەرۆکی کۆمیسیۆنی فەرهەنگی، ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری مەهاباد، “سیامەند جەوانبەخت” سەرۆکی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی مەهاباد، کۆمەڵێک لە کەسایەتییە بەرچاوەکانی ڕۆشنبیری مەهاباد، لەوانە: ئەنوەر یۆسفی، محەمەد کەریمی، عوسمان دەباغچی موکری، مەناف ئێران پەناە، ناسر بابائیان، ئەحمەد بەحری، سوارە فتووحی، کامڕان حامیدی، عەزیز ئاڵی، مەنسوور حامیدی، عەزیز فازلی، عەزیز وەلیانی، سیناریۆنووسانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان، ژمارەیەک لە هونەرمەندانی پێشەنگ و هەروەها هونەرمەندانی بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەری شاری مەهاباد تیایدا ئامادەبوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو” سینەماکاری بەئەزموونی کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” بەرپرسی ئەم ڕووداوە سینەماییە گوتی: ئێمە دامەزراندن و پلانی چالاکییەکانی ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”مان لەسەر ئەم بنەمایە داڕشت کە بتوانین یارمەتیدەرێک بین بۆ چاککردنی باروودۆخەکە و هەروەها گرینگیدان و پەرەپێدانی چالاکییە سینەماییەکان؛ هەر بەم پێیە هەوڵماندا تاکوو لە سەر بنەمای سیناریۆ لە سینەما دەست پێبکەین.
گوتیشی: هەر بەم بۆنەیەوە لە سەرەتای ڕێگاکەماندا بە داڕشتن و جێبەجێکردنی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو” دەستمان پێکرد و لەم بەستێنەدا هەوڵماندا تاکوو بە یارمەتی و هەوڵی کەرتی تایبەت و هەروەها دامودەزگا پەویەندیدارەکانی هونەری سینەما بتوانین هەندێک لە سیناریۆنووسە باشەکانی ناوچەکە دەستنیشان بکەین و بە پێی هیمەتی خۆمان یارمەتیان بدەین.
جێی ئاماژە پێدانە کە دوای بانگەوازی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو”؛ بە گشتیی ۹۲ سیناریۆی کورت، لە لایەن سیناریۆنووسانی ناوچەکە ڕوانەی نووسینگەی فێستیڤاڵ لە شاری مەهاباد کران کە لە نێوانیاندا لە لایەن لێژنەی هەڵبژاردنی ئەنستیۆتی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە سەرۆکایەتی “بەختیار پەنجەیی” نووسەر و ئەکتەری بەئەزموونی کورد؛ ۱۲ سیناریۆی بەرچاو، دەستنیشانکران و چوونە قۆناغی کۆتایی دادوەرییەوە و لە ئاکامدا دوای هەڵسەنگاندن لە لایەن “جابر قاسمعەلی” و “محەمەدڕەزا گەوهەری” لە سیناریۆنووسانی ناودار و بەئەزمووی سینەما وەکوو ئەندامانی لێژنەی دادوەران،۳ سیناریۆکانی براوەی یەکەم تا سێیەم هەڵبژێردران.
- نویسنده : منصور جهانی
Saturday, 23 November , 2024