موکریان بوکان آنلاین | سهلام ئیسماعیلسورخ کهسایهتیهکی ناسراو له دونیای شاخهوانی کوردستان و تهنانهت ئێرانیشه. جگه له شاخهوانی دهستێکی باڵای له نووسینیشدا ههیه و ههمو ئهو شاخانهی که پێیدا گهڕاوه لە دەماوەندڕا بیگره تا سەهەند و شاهۆ و چلچەمە و ئەلبورز و تهفتان بەوردی باسیی کردووە و تایبەتمەندیەکانی هێناویهته سهر لاپهڕهی گوڤارهکان و ڕۆژنامه کوردیەکان. […]
موکریان بوکان آنلاین | سهلام ئیسماعیلسورخ کهسایهتیهکی ناسراو له دونیای شاخهوانی کوردستان و تهنانهت ئێرانیشه. جگه له شاخهوانی دهستێکی باڵای له نووسینیشدا ههیه و ههمو ئهو شاخانهی که پێیدا گهڕاوه لە دەماوەندڕا بیگره تا سەهەند و شاهۆ و چلچەمە و ئەلبورز و تهفتان بەوردی باسیی کردووە و تایبەتمەندیەکانی هێناویهته سهر لاپهڕهی گوڤارهکان و ڕۆژنامه کوردیەکان. کتێبێکی تێر و تەسەلیشی له سهر زاگرۆس نووسیوه. خەزینەیەکه له بوواری ژینگه و شاخهوانی و عاشقی نەتەوە و نیشتمانهکهیهتی.
ئهوهنده به شاخهکانی کوردستاندا گهڕاوه تهنانهت دار بهڕوهکانیش ئەیناسن.
بههاری ئهوسال بوو که پێوهندیم پێوه گرت و داوام لێکرد ههرکات ڕۆیشت بۆ شاخی کوڕەمیانه ئاگادارمکات هاوسهفهری بم. له ڕۆژێکی بارانیدا ئهو سهفهرەمان کرد و ماوەی ۲۴ کاتژمێر بەدەم ڕێگاوه لە ژێر ڕێژنەی باران له قسە خۆشەکانی سوودمەند بووم و بیرهوهریەکی زۆر خۆش له ناخمدا تۆمار کرا که له شوێنی خویدا باسی دهکهم.
به داخهوه کاک سەلام ماوهیهکه گیرۆدەی نەخۆشیه و شێرپهنجه تهنگی به ههستی ناسکی ههڵچنیوه و سهرهڕای ئهوهی که سهرقاڵی چارهسهری پزیشکیه بەڵام دهستی له نووسین ههڵنهگرتووه و ئهم بابهتەی به دیاری بو خوێنهرانی ڕۆژان ناردووه که پێشکهشتانی ئهکهین.
ئهوهی دهیخوێننهوه باسی شێرپهنجه له ڕوانگهی شاخهوانێکی به ئهزموونه.
له خوای میری مهزن داوا دهکهین ههرچی زوتر ورهی کاک سهلام زاڵ بێ به سهر ئه و نهخۆشیه و بەزووترین کات بگهڕێتهوه ناو کۆڕی شاخەوانان و چی تر، چلچەمە و کوڕەمیانە و شاهۆ و کۆساڵان و تهرهغه هەست بە تەنیایی نەکەن و خوێنەرانی ڕۆژانیش له بهرههمهکانی سوودمەند بن.
ئەم دەقه باسیی نگریسیەکانی شێرپەنجە دەکات له روانگهی شاخهوانێکی بەئەزموونهوه که هیوادارین جێگای سهرنجتان بێت.
سولهیمان ئهڵڵامورادی
ژیان ئەو ناشوێنگەیە کە بە خۆت نازانی، قۆرتێک وەک تەم بازایێەک(دەستەنداز) دێتە ڕێت و دەرگات پێ ئەگرێ؛ دەبێتە هاوماڵ و کەڵەوە کێشیت لەگەڵ دەکا و جاری وایە دەبێتە کارەسات. ئەو نەخۆشییە واتا شێرپەنجە لە ژیانی شپرزە و پڕ لە ئاژاوەی ئەوڕۆکە کە بەشی زۆری خەفەت بۆتە نەسیبی کوردستان و خواردەمەنیی بێ ڕەزا کە زۆری تێکەڵاوە بە مادە کیمیاییەکان بۆتە هەوێنی کارەسات. ئەگەر لە ڕابردوودا بە دەگمەن دەبینرا، ئەوڕۆکە بە داخەوە لە کوردستاندا بۆتە گەورەترین بەڵا. لە ئاستی ئێران دا نەخۆشی شێرپەنجە زۆرترین بەرکەوتوویی لە کوردستاندا هەیە. باشە بۆچی شێرپەنجە «سەرەتان»؟
ئێوە لە من ناپرسن کە زۆرتر لە سەر شاخەوانیی و ژینگە و زاگرۆسدا نووسیوتە و بەکتێب و کردەوە و نووسراوەدا هەوڵت داوە لەو بوارەدا شتێک و بیرۆکەیەک ڕێ بخەی و جێ بگرێ کە ببێتە هێزێک بۆ ئاوەدانیی کوردستان، چۆنە ئەوڕۆکە کەوتوویە بیری ئەوە کە لەسەر شێرپەنجە بنووسی؟
وەرن گوێم بۆ ڕادێرن، نە خەونم دیوە و نە بە جیهانی خەیاڵدا دەڕۆم؛ هەر چەن خەون و خەیاڵ ئاوێتەی چیرۆکەکان بێ دەتوانن، سوودێکی زۆریان هەبێت. ببێتە وزەی زمان بۆ داڕشتنی ڕووداوێکی جوان و هەنگاوێکی ڕەنگامە بێ بۆ هەناسەی جوانییەکان.
بەڵام ئەمن بە گێڕانەوەیەکی نە زۆر زانستی لەسەر شێرپەنجە دەمهەوێ لە گەڵتاندا بدوێم چونکێ خۆم یەکێک لەبەر کەوتووانی ئەم ئازارەم؛واتا شێرپەنجە. ماوەیەکە دەرگای پێ گرتووم و لەگەڵی دەستەویەخەم. لەو هەوەڵەوە بێ دەنگ وبێ گرم وقاڵ بوو بە میوانی لەشم.
نامەوێ لەسەر زانایی پێویست بۆ تێگەیشتنی ئێوەی خوێنەر لەسەر بابەت و چلۆنایەتیی شێرپەنجە بدوێم، ئەوە دەهێڵمەوە بۆ دوکتوورەکان.
بەڵام وەکوو دەزانن لەش و ئەندامی ئێمە لە ملیاردها پێکهاتەی ئەندامۆچکەی خانە(سلوول) پێکهاتووە، کەل، وەک شێوازی خواردن کە خراپ بێ، هەست بە ئازار و خەمۆکی، ژیانی پڕ لە تاسە و یا وەکوو میراتێک لە بنەماڵەوە وەک نەژاد بۆت مابێتەوە و هەزاران شێواز و دەلیلی دیکە.ئەو ئەندامۆچکانە واتا (سلوول سەرەتان)ی وەخەبەر دێن و لەپەیکەرەی چیرۆک و داستان لە سەر هۆکارەکانی «شێرپەنجە» یەکجار زۆرن. دەتوانن زانیاریی ئێمە زۆرتر بکەن و یارمەتیدەربن. بەڵام ئەگەر چیرۆکێکی دیاریکراو بێت، کە یارمەتیمان بدات بۆ بەربەرەکانیی لەگەڵ ئەو مڵۆزمە، هەنگاوی یەکەم و چارەنووسساز دوای ئەوە کە زانیت نەخۆشیەکەت لە چ حاست دایە، بۆ ئەوەی ئەو ئازارە چارەسەر بکرێ، و بۆ سڕینەوەی ئێش و ئازارەکان، دەبێ ئەو مرۆڤە خۆی بە هانای خۆیەوە بێت و خۆنەدۆڕێنێت. چونکینە مرۆڤ دەتوانێت گەورەترین بیرۆکە و هێزی دانەبڕاو و لەبن نەهاتووی هەبێت بەڵام ئەگەر نەتوانێت خۆی کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو هێزە لەخۆیدا زیندوو بکاتەوە، هیچ شتێک بە ڕێوە ناچێت.
شێرپەنجە وەکوو گورگی برسی لەش و ئەندامی گیانت دەتەنێتەوە، وەکوو گورگی برسی گەمارۆت دەدات و دەتخوا و چۆکت پێ دادەدا.
شێرپەنجە واتا سەرەتان، مڵۆزمێکی بێدەنگ نیە، بەها و هووە، بەشڵپە و ئازارە، کورد و غەیرە کورد ناناسێ، لە دونیادا زۆر بڵاوە. وەک باڵندە باڵی گرتووە، سوێگە و گەوی و یاڵێک نەماوە، خۆی پێدانەکا! بەرکەوتووی ئەو ئازارە لە دونیادا زۆرە.ڕێگای بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو ئازارە کڕاڵ و قاقڕ نیە، ئەگەر متمانەت بەخۆت بێ و زووش پێی بزانی، پێش ئەوە ڕایەڵ و پۆی (شێرپەنجە) ئازای ئەندامت بتەنێتەوە و ڕەگ و ڕگاژووی دابکوتێ و لە ئێسکدا کار بکا زۆر سانایە بە فریای خۆت بکەوی و لە خۆت زیزی نەبی، دەست لە خۆت بەر نەدەی، لەش بەبار نەبی، لەماڵدا نەکەوی. جاری وایە بێدەرد و ژان خۆ بە ئەندامت دادەکا. بەڵام ئەگەر لە بەشێکی ئەعزای گیانت مڵۆزم یان غەوارەیەکت هەست پێ کرد، کە جاران لە لەشتدا نەبووە، یاکوو نان وپێخۆر بە سانایی لە گەرووت ناچێتە خوارێ، کێشی لەشت زۆر دابەزیوە، ئەوە نیشانەیەکی باش نیە بۆ لەش ساغیتان و بە تاقیکاری یەکەمین نیشانەی (شێرپەنجە) لە لەشتاندا بدۆزنەوە، و نەهێڵن چیدی لەش بتەنێتەوە و چارەسەری بۆ بکەن. مەهێڵن لە بنەماڵەدا بەداماو و لەش بەبار و پەک کەوتوو بتانبینن، کە وابێ بەزەییتان پێتان دابێ. ئاگاداری و پەرەستاری بنەماڵە لەگەڵ بەزەیی زەوی تا ئاسمان جیاوازە. چونکینە لە باو دەچن. ژیان ئەگەرچی ناخۆشیش بێ، بەڵام لە بیرمان نەچێ بۆ ئێمەی کورد بگرە و بەرەی زۆر تێدایە و بایەخی ئەوەی هەیە کە بۆی بجەنگێ و میرات گری ژیانی بی و جارێکی دیکە نە بەلەش بەباری، بەڵکوو بەلەشساخی چێژ لەژیان وەرگری. ژیان ئەگەر خاو یا گرژ بێ، هەر هومێدە و هیوایە. ئەوکاتە نەبوویە نێچیری ڕاوی شێرپەنجە(سەرەتان)، بڕوات بەخۆت دەبێ، باوت دەبێ و سەرت دەکەوێتە نێو سەران. کاتێ هەواڵی شێرپەنجەیان به گیانی بی تین و بێ هێزم لەتاران پێ ڕاگەیاندم بۆ ساتێک تاسێک بردمیەوە!
بەلەشێکی ماندوو و هەستێکی خولیایی ئاواتەکان، کەوتمە هاژان. کۆڵەپشتی خەیاڵم وەپشت کرد، نازانم چ هەستێک بوو کەوتمە ڕێ. ڕووم دە ئاڕاڕات کرد و لەوێوە بەو زنجیرە چیایەدا لە کانییەکانی «ئاو خواردە» و«دووبڕە» و هەواری بناری قەندیل کە کاتی خۆی شاخەوانیم تێدا کردبوو چاییم ساز کرد. دوای پشوودانێک درێژەم بە پێی لەرزۆکم بڕی. گۆم بەگۆم و چۆم بە چۆم و شار بە شار و گوند بەگوند و دوند بە دوند گەڕام. منێک کە بە ئاوی کانی «ڕزڵە»ی بناری دوندی کێوی «کوڕڕەی میانە» نەبا توونیایەتیم نەدەشکا. دوای ماندوو بوون لە سەر کێوی «هێلانەداڵ» و «کوڕڕەی میانە» هاتمەوە کەوێڵەکەی «دایەخەجێ» لەباخی سێف و تونیایەتیم بە ئاوی کانی «چیاو» شکاند و جارێکی دیکە و هەستێکی پڕ لە هەناسە بەرەو دوندی «شانشین»ی چلچەمە و کانی«چاوڕەش» ڕێ دەپێوم.
ئای دڵی خافڵ جارێکی دیکە هەست و هەناسە هەڵمدەگرێ بەرەو کەژی هەورامان دەکەومە ڕێ و سەردانی پیری پیران«پیرشالیار» دەکەم وبەرەو هەوارگەکانی چیای شاهۆ دەڕۆم، میوانی هەوارچیانی شاهۆ دەبم و شەو لەبەر تریفەی مانگەشەو لەسەر کوچکە ئاور چایەکی بەتام دهم دەکەم و بەدەم چایی خواردنەوە دەگەڵ مانگ و ئەستێران چاوبڕکێن دەکەم. جارێکی دیکە هەڵم و هاڵاوی ژیان بەلامەوە پرچ و پەلکەکانی پرژ و پەخشان دەکاتەوە.
جارێکی دیکە کێوەکان بە بەژنی بەرزیانەوە بە درێژایی مێژوو بوونەوە هێمای پارسەنگی لەسەر زەین و ئیرادەم و سیمبولی بەردەوامی ژیان و ژیوار هەر چەن شێرپەنجە (سەرەتان) بۆتە میوانی لەشم، بێ هێزم؛ بەڵام لەش بەبار نیم. بۆن و بەرامی شکۆی شێرپەنجە(سەرەتان) بۆتە میوانی لەشم، بێ هێزم، بەڵام لەش بە بار نیم. بۆن و بەرامەی شکۆی سرووشت و سۆزی بای شەماڵ ناخم دەبووژێنێتەوە وبە هیوای لەشساخی و بەردەوامیی ژیان لە گەڵی دەکەومە گەڕی شایی و هەست و ئارەزووم دەکەوێتە گەڕ. هەر چەن کاتێک خەم و پەژارە و ئازار لێت میوان دەبێ و دەرگات پێ دەگرێ، هەموو شتێک بێ مانا دەبێ، بەڵام دەتوانێ ڕەهایی و جۆرێک ئازاد بوونی بەدوادا بێ هەر ئەو ڕەها بوونەیە کە هیوا و ئومێد و وزەی بەردەوامی ژیانە.
هەر ئەو هیوایە دەمخاتە سەر پێ کە بە ئاوی ڕوونی کانیاوەکانی نیشتمان توونییەتی دەرکەم و جارێکی دیکە لە بنج و لاوێنی کەژ و کێو و ئەو هەردانە بەرەو لاپاڵ هەڵگەڕێم و لە قوتەی هەڵەمووتاندا خۆ بگرمەوە. هەر چەن لەسووڕی دەوران هەناسەم سوارە بە دەست شێرپەنجە چاروای ژیانم کەوتۆتە وێرغە، بەڵام لە ئاسمانی بێ سنوور لەنگەر دەگرن و گەرمێن و کوێستان دەکەن. حەوتەبەقی ئاسمان بە ڕوخساری کراوە هەموو ڕۆژێ مزگێنی لەدایک بوونی ڕووناکی بۆ گۆی زەوی و سرووشت بە ئەرز و ئاسمان و مرۆڤ ڕادەگەیێنێ و هەموو ڕۆژێ ژیان وەک کۆرپەیەکی نازدار وەک نیشتمانێکی بێسنوور بەدرێژایی زەمەن لە دایک دەبێ، وەک کۆترێک دەکەوێتە گمە و ڕازی هەمووی دەوران بەردەوامی ژیان، حەقایەتی ئەوین و بۆن و بەرامی شکۆی سروشت ڕازی ئەو ئەوینە خۆڕاگری و هیوا بە ژیانە.
لەگەڵ درێژەی ژیانی ڕابردووم دەکەومە ڕاوێژ، ژیانێکی پڕ لە لەنگ و لۆر.
ڕووپەڕەکانی هەڵدەدەمەوە. کاڵ و نەکوڵیو پێدا دێمەوە، ئەگەر ئەو جارە ڕایەڵ و پۆی ژیانم بکەوێتەوە سەر ڕەوڕەوە، وەفایەک بۆ مێهرەبانی، بۆ هاودڵی و لەهەموو کات و سات بۆ نیشتمان؛ ئەویش ئەزموونێکە لە ژیان. ڕووحی پڕ لە ئەزموونی مرۆڤ لە یەک کات و ساتدا ئۆقرە ناگرێ و ئەگەر تێکۆشێ هیچ شتێک ناتوانێ بەربەستی بکا، ئیرادە و سۆزی دەروون بنەمای هەموو ئەو کارانەیە، سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکانی ژیان و ئیرادە کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکان. لەشی ماندوو و دەستی بێ هێزم لەوە زیاتر ئیجازەم پێ نادا بنووسم و لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بکەومە ڕاوێژ و دواندن.
شێرپەنجە(سەرەتان) هەزاران پرسیاری بێ وڵامی هەیە، بۆوەی چارەنووسی شووم و نەفرەت کراوی زەلیلی بەرۆکت بەردا. بەرامبەر شێرپەنجە چۆک دانە پێی و بەهەزاران ئازارەوە نابێ ناهومێد بی و هەڵگری باری زۆر قورس و ئێش و ئازار بی، تا بتوانی گەوهەری پیرۆزی ساخی و چیرۆکی ژیان دەستەمۆکەی. هیوام بە ژیانە. لەمردن بێزارم و دەمەوێ لەگەڵ ئێوەی هاوڕێیانی خوێنەر بەشەپۆلی نەرمی شنەبای زەمەندی کوێستانەکانی کوردستان هەناسە هەڵمژم و لە گەڵ ئێوە بەدیتنی گوڵ و جریوەی ئەستێرەی مانگە شەو و شەپۆلی بلاوێنی دم هەوارەکان بحەسێمەوە. لەگەڵ مەبەست و ئامانج و بیر و ئەندێشە تەوافی پیرەکانی نیشتمان بکەم. لەو قۆرتەی ژیانیش باری قورسی کۆلەکان ماندووم ناکەن. لە زەریای ماریفەتی بیر و ئەندێشەی گەورەکان، کە یاریدەدەرمان بوون، بێ ماندوو بوون دەوکەومە مەلە، هەناسەم لەگەڵ هەناسەتان لەگەڵ دار بەڕووەکانی بناری شاهۆ ئاوێتە دەبێ.لەسەر گڵکۆی پیر و چاکە چکۆلەکان وەک یادگاری مناڵیم بۆ نیازی دڵ بەرد پێوە دەنێم و چل دانە دەگرمەوە. لەشەپۆلی قەڵبەزەی سیروان دەکەومە مەلە و ڕێگە هەڵە ناکەم. ئەژنۆم شل نابێ و بە ئاوی کانیاوەکانی کوردستان توونیایەتیم دەشکێنم. ئەدیب و زانا و گۆڕغەریبەکان بەسەر دەکەمەوە و لەگەڵ هەمووتان خانەخوێیەکی باش دەبین بۆ نیشتمان.
ئەو نووسراوەیە هەموو شتێکی لەسەر شێرپەنجە پێ نییە. بەڵام وەک کەسێک کە شێرپەنجە بۆتە میوانی، وتووێژێک بوو لەگەڵ ئێوەی بەڕێز.
ئێوە سڵامەت – ئاوەدان نیشتمان
نەخۆشی سەرەتانی – سەلام ئیسماعیل سورخ
- نویسنده : سلیمان اللهمرادی
Thursday, 14 November , 2024