به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، “سادق مووسه‌وی” سه‌رۆک و ده‌بیری سی و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته فیلمی تاران له کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی ئه‌م رووداوه سینه‌ماییه گوتی: پێنج ساڵه که به‌رپرسایه‌تی ئه‌م رووداوه سینهماییهم له ئه‌ستۆ دایه و له‌م ساڵانه‌دا چاوه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی چۆنایه‌تی فێستیڤاڵه‌که له هه‌ر لایه‌نێکه‌وه بووینه. هه‌ڵبه‌ت که هێشتا تا لووتکه‌ی ئامانج و خه‌ونه‌کان مه‌ودامان هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌ر هۆکارگه‌لی جۆراوجۆر، ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌توانێت ببێته یه‌کێک له باشترین و پڕبایه‌خترین فێستیڤاڵه‌کانی سینه‌مایی کورته فیلم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ژانری کورته فیلم به دوور له په‌یوه‌ندییه‌کان و بارودۆخی زاڵ و سه‌پێندراو به‌سه‌ر سینه‌مای پیشه‌یی و داهێنان و نوێکاری که هه‌یه‌تی و به هۆکاری ئاماده‌بوونی سینه‌ماکارانی لاو و داهێنه‌ر که تازه‌گه‌ری ده‌که‌ن، توانایی و لێهاتوویی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌یه. هه‌روه‌ها له به‌شی نێونه‌ته‌وه‌ییدا توانیمان ئه‌مساڵ ببینه ته‌نیا فێستیڤاڵی “ئۆسکارکوالیفاید” له‌سه‌ر ئاستی وڵاتی ئێران‌دا. وێڕای ئه‌وه‌ی که له نێو وڵاتانی موسڵماندا ته‌نیا ئێمه، میسر و تورکیا فێستیڤاڵێکی په‌سندکراوی ئه‌کادیمیای ئۆسکارمان هه‌یه.
ده‌بیری ئه‌م فێستیڤاڵه گوتی: ساڵی رابردوو ۴۵۰۰ به‌رهه‌م له به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی ناونووسیان کردبوو و ئه‌مساڵ زیاتر له دوو هه‌زار به‌رهه‌میش زیاد کرا. یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئێمه خه‌ڵاته‌کانی ئه‌رزی و پاره‌ی بیانی بوو که له به‌شی خه‌ڵاتی گه‌وره‌دا بڕی ۵ هه‌زار یۆرۆمان دیاری پێشکه‌ش ده‌کرد. پێگه‌ی ئێمه له ناوچه‌که‌دا و پیشه‌ی سینه‌مای ئێران و پێشێنه‌ی فێستیڤاڵه‌که، ئه‌و پێوه‌رانه‌یه که نیشانه و هێمای بایه‌خ و گرینگیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته فیلمی تارانه.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ئه‌مساڵ بۆ یه‌که‌مین جار، ئیمهیلی سینه‌ماکارانی بیانیمان بۆ هات که له‌به‌ر چ هۆکارێک فیلمه‌که‌ی ئێمه له فێستیڤاڵدا نیه؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌موو جیهاندا، به رێژه‌ی ۱۲۷ فێستیڤاڵی “ئۆسکارکوالیفاید” بوونیان هه‌یه و ۶۷ دانه له‌وانه ته‌نیا له ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ده‌چن.
مووسه‌وی گوتی: داوه‌ره‌کانی ئه‌مساڵی فێستیڤاڵ، له‌به‌ر هۆکاری به “ئۆسکارکوالیفاید” بوونی ئه‌م رووداوه، پله و تهرازێکی به‌رزتریان هه‌یه. نزیکه‌ی سه‌دی ۱۰ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له به‌شی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌شداریان هه‌یه، له به‌رهه‌م گه‌لی ئێرانی پێکهاتوون. زۆرترین فیلمه‌کان له وڵاتانی هیند، فه‌ره‌نسا، ئیسپانیا، به‌ڕازیل، ئیتاڵیا و رووسیا بۆ فێستیڤاڵ نێردراون و له ریزه‌کانی دواییدا چین، تورکیا و وڵاتانی دیکه ئاماده بوون. به گشتی ۱۲۸ وڵاتی بیانی بۆ خولی سی و هه‌شته‌می ئه‌م فێستیڤاڵه به‌رهه‌میان ناردووه، له‌وانه؛ هیند ۶۲۱ فیلم، فه‌ره‌نسا ۵۹۰ فیلم، ئیسپانیا ۳۹۶ فیلم، ئه‌مه‌ریکا ۳۳۹ فیلم، ئیتاڵیا ۲۹۴ فیلم، به‌ڕازیڵ ۲۷۲ فیلم، رووسیا ۲۱۶ فیلم، ئه‌ڵمانیا ۲۱۲ فیلم، تورکیا ۱۹۸ فیلم، چین ۱۹۷ فیلم، به‌ریتانیا ۱۸۲ فیلم، تایوان ۱۳۷ فیلم، که‌نه‌دا ۱۳۳ فیلم، مه‌کزیک ۱۳۲ فیلم، کۆریای باشوور ۱۱۶ فیلم، پۆڵه‌ندا فیلم، ئه‌رژه‌نتین ۱۰۴ فیلم، ئهندهنووزیا ۱۰۲ فیلم، میسر ۷۰ فیلم و پۆرتوگال ۶۲ فیلم، زیاترین به‌شیان له رێژه‌ی فیلمه‌کانی گه‌یشتوو بۆ نووسینگه‌ی سی و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته فیلمی تاران هه‌بووه.
مووسه‌وی گوتی: له‌به‌ر هۆکاری به “ئۆسکارکوالیفاید” بوون له‌م خوله‌دا بڕیار وایه، رێوڕه‌سمێکی کردنه‌وه به‌ڕێوه‌ببه‌ین و له‌وێدا له کلیپی تیزێری فێستیڤاڵ و ۱۱ به‌رگ کتێب که چاپ و بڵاومان کردۆته‌وه، په‌رده‌ی له‌سه‌ر لاده‌ده‌ین. له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ ۲۰ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه‌مان هه‌یه که به ناونیشانی کۆبوونه‌وه‌کانی مه‌جازی ۳۸ـ۲۰ به ئاماده‌بوون و به‌شداریی کردنی ۱۲ مامۆستای وانه‌بێژی نێونه‌ته‌وه‌یی و ۸ مامۆستای وانه‌بێژی ئێرانی سه‌باره‌ت به پرس و بابه‌ته‌کانی رۆژ، باس و ئاخاوتن ده‌کرێت و ته‌وه‌رێکی زۆرمان بۆ ناوه‌رۆک و بابه‌تی سینه‌مای ئه‌زموونی ته‌رخان کردووه و هه‌روه‌ها به چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ۱۱ ناونیشانی کتێب، روانگه و مه‌به‌ستی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای زیاد کردنی زانستی سینه‌ماکارانه.
“سادق مووسه‌وی” سه‌رۆک و ده‌بیری سی و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته فیلمی تاران له کۆتایی قسه‌کانیدا گوتی: فێستیڤاڵی سی و هه‌شته‌م هه‌ر وه‌کوو ساڵی رابردوو له په‌ردیسی سینه‌مایی “ئێران ماڵ” به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌وان پشتیوان و سپۆنسه‌ری ئێمه‌ن و زۆربه‌ی تێچووی به‌شه‌کانی فێستیڤاڵ بێ به‌رامبه‌ر ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ستی ئێمه. شوێنی تایبه‌ت و که‌شوهه‌وای سه‌رئاوه‌ڵا و به‌رزایی میچه‌کان له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، بۆ ئێمه زۆر گرینگ و یه‌کلا که‌ره‌وه بوو.
بۆ زانیاریی زیاتر: https://iycs.ir/
- نویسنده : مه‌نسوور جیهانی
Thursday, 21 November , 2024