مەنسوور جیهانی ـ زنجیره دڕامای "ئه‌کتۆر" The Actor له ده‌رهێنانی "نیما جاویدی"، له به‌رهه‌مهێنانی "مه‌جید موته‌لیبی"، به ڕۆڵ بینینی ئه‌کته‌ری ناوداری کورد "نه‌وید محه‌مه‌دزاده‌" و به ئیلهام له "شێکسپیر" به‌شدارییه‌کی باشی له جیهاندا هه‌یه.

بوکان ئانلاین موکریان | له ته‌نیشت ته‌له‌ڤیزیۆنه فه‌رمییه‌کانی هه‌ر وڵاتێکدا وی. ئۆ. دییه‌کان Video On Demand له قه‌‌واره‌ی پلاتفۆڕمه جۆراوجۆ‌ره‌‌کاندا به ئاماده‌کردنی ناوه‌ڕۆک پێکهاتوو له به‌رنامه و کێبڕکێکان تاکوو فیلمه سینه‌مایی و زنجیره دڕاماکان، له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا سه‌رقاڵی چالاکین. زنجیره دڕامای “ئه‌کتۆر” The Actor له ده‌رهێنانی “نیما جاویدی”، له به‌رهه‌مهێنانی “مه‌جید موته‌لیبی” و به ڕۆڵ بینینی “نه‌وید محه‌مه‌دزاده‌” که ئه‌م ئه‌کته‌ره به‌ناوبانگه کورده براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری “پیاو”ی به‌شی پێشبڕکێی “ئاسۆکان” له حه‌فتاو و چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” Venice له و ڵاتی ئیتاڵیایه، له‌و به‌رهه‌مانه دێته ئه‌ژمار که به‌م دوایانه توانیوییه‌تی له چه‌ندین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی پسپۆڕانه‌ له بواری سازکردنی زنجیره دڕامادا خه‌ڵات و سه‌رکه‌وتنی گرینگی به‌ده‌ستبێنێت.

ئه‌م زنجیره دڕامایه، به بنه‌مایه‌کی نوێوه دنیای شانۆی له‌گه‌ڵ ژیانی ڕاسته‌قینه‌ گرێداوه که زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌زموونی ده‌که‌ن و له هه‌ر به‌شێکدا، چیرۆکێکی نوێی ده‌گێڕدرێته‌وه که هه‌ندێک له‌وان وه‌کوو ژیان و ڕووداوه‌کانێتی.”ئه‌کتۆر” له ده‌ورووبه‌ریی ژیانی دوو ئه‌کته‌ری شانۆ به ڕۆڵ بینینی “نه‌وید محه‌مه‌دزاده‌” و “ئه‌حمه‌د مێهران فه‌ڕ” ده‌گوزه‌رێت که بۆ بژێوی ژیانیان به نواندنی ڕۆڵه جۆراوجۆ‌ره‌کان له هه‌ر چیرۆکێکدا، ڕووداو گه‌لێک ده‌نه‌خشێنن.

هه‌ندێک جار ده‌چنه قاڵبی که‌سێک که گیرۆده‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی که بزانێت کچه‌که‌ی گیرۆده بووه یا نا و هه‌ندێک جاریش له‌سه‌ر داوای زاوایه‌ک، وه‌کوو دوو دز؛ که‌شووهه‌وایه‌کی خافڵگیریی بۆ خوازبێنییه‌کی هه‌ست بزوێن ده‌ڕ‌‌ه‌خسێنن.ئه‌وان له ته‌واوی ئه‌م ڕۆڵانه‌دا به میکیاج و کاره‌کته‌ری جیاوازه‌وه ده‌رده‌که‌ون که هه‌ر ئه‌وه یارمه‌تی ده‌به‌خشێت بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م زنجیره دڕامایه سه‌رنجڕاکێش بێت و بینه‌ر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

له بنه‌ڕه‌تدا بینه‌ر له هه‌ر به‌شێکدا ڕووبه‌ڕووی چیرۆک و که‌شووهه‌وای جیاواز ده‌بێته‌وه، ڕه‌وتێک که ئه‌و هانده‌دات تاکوو سه‌یریی چیرۆک و ئه‌ڵقه‌ی دواتر بکات.

ده‌سپێک و کۆتایی ئه‌م زنجیره دڕامایه‌ش به ئاماده‌بوونی ئه‌م دوو ئه‌کته‌ره له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ده‌خوڵقێت و سێکانس به سێکانسی وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی دێڕیی ده‌سپێکی ئه‌ کۆمه‌ڵه‌یه‌ که له زمانی “شێکسپیر”ه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: “دنیا به‌ده‌ر له گۆڕه‌پانی شانۆگه‌ریی نییه. ژنان و پیاوان هه‌مووان ئه‌کته‌ره‌که‌ین. و هه‌ر که‌سێک له ژیانی خۆیدا ڕۆڵی زۆر ده‌نوێنێت”؛ له ڕاستیدا “ئه‌کتۆر” ئه‌م حه‌قیقه‌ته سامناک و هه‌ڵبه‌ت شیرینه‌ له ده‌سپێک و کۆتایی هه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌کدا وه‌بیری بینه‌ر دێنێته‌وه، ئه‌ویش به هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌یه‌کی قووڵی ئه‌م ڕاستییه.

وه‌رگرتنی دوو خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی “سێریز مانیا” Series Mania له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا ڕووداوێک بوو که ئه‌م زنجیره دڕامایه به‌م دوایانه به‌ده‌ستی هێناوه. “سێریز مانیا” یه‌کێکه له‌ فێستیڤاڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی زنجیره دڕاما له جیهان دێته ئه‌ژمار که ساڵانه له شاری لیل له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. هه‌روه‌ها نزیکه‌ی ۴۰۰ زنجیره دڕاما له وڵاتانی جۆراجۆری دنیا بۆ دوایین خو‌لی ئه‌م ڕووداوه هونه‌رییه ڕه‌‌وانه کرابوون و ته‌نیا ۸ زنجیره دڕاما له به‌شی نێوده‌وڵه‌تی له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانه‌وه هه‌ڵسه‌نگێندران.

له درێژه‌ی ئه‌م ئاماده‌بوونانه‌دا، “ئه‌کتۆر” وه‌کوو ته‌نیا نوێنه‌ری ئێران له به‌شی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی “تڕانسیلوانیا” Transylvania ڕووداوێکی نوێی بوو؛ ئه‌م ڕووداوه یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین و گرینگترین فێستیڤاڵه‌کانی ئه‌ورووپا و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا و زنجیره دڕامای “ئه‌کتۆر” له به‌شی It will follow series ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له ته‌نیشت زنجیره دڕاما سه‌رکه‌وتووه‌کانی وڵاتانی نه‌ڕویج، ئیسله‌ندا، لیتوانی، که‌نه‌دا، به‌لژیکا، دانیماڕک و ئه‌ڵمانیا نمایش کرا.

له سێیه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا ئه‌م زنجیره دڕاما ئێرانییه، نوێیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی “سرین که‌مپ” Seriencamp خانه‌خێوی بوو و له به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی جیهان، له‌وانه: “واڕنێر برادێرز دیسکاوێری” Warner Bros Discovery و “ئامازۆن ستۆدیۆ” Amazon Studios له ڕکابه‌ریدا بوو و له ته‌نیشت زنجیره دڕاما سه‌رکه‌وتووه‌کان له وڵاتانی ئه‌مه‌ریکا، نه‌ڕویج، ئیسپانیا، مه‌کزیک و قه‌زاقستان نمایش کرا.

به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه بۆ زنجیره دڕامایه‌ک که نه له ته‌له‌فیزیۆنی وڵاتێکی وه‌کوو ئێران، به‌ڵکوو له ڕێگای پلاتفۆڕمه‌کانی که‌رتی تایبه‌ته‌وه بڵاوکراوه‌ته‌وه، هێمای سه‌رکه‌وتنی سینه‌مای که‌رتی تایبه‌ت له‌م وڵاته‌یه؛ چونکه ئه‌وه بۆ یه‌که‌مین جاره که زنجیره دڕامایه‌کی ئێرانی، باڵیۆزی ئه‌م وڵاته‌یه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا و وادیاره توانیوییه‌تی ڕوانینی لایه‌نگرانی پسپۆڕی ئه‌م بواره له وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

  • نویسنده : منصور جهانی