موکریان، بۆکان ئانڵاین – هونه‌رمه‌ندی بێ هاوتای ژه‌نیاری په‌نجه زێڕینی ئامێری شمشاڵ مامۆستای پایه‌به‌رز «قادر عه‌بدوڵڵازاده» به نازناوی قاله مه‌ڕه بلیمه‌ت و ئوستووره‌ی مۆسیقای ره‌سه‌نی کوردی له رۆژی ۱‌ی به‌فرانباری ۱۳۰۴ی هه‌تاوی له ئاوایی کولیجه نزیک شاری بۆکان له ناوچه‌ی موکریان له‌دایک بوو. مامۆستا «قاله مه‌ڕه» له ته‌مه‌نی ۱۱ ساڵییه‌وه ده‌ستی کرد به ژه‌نینی […]
موکریان، بۆکان ئانڵاین – هونه‌رمه‌ندی بێ هاوتای ژه‌نیاری په‌نجه زێڕینی ئامێری شمشاڵ مامۆستای پایه‌به‌رز «قادر عه‌بدوڵڵازاده» به نازناوی قاله مه‌ڕه بلیمه‌ت و ئوستووره‌ی مۆسیقای ره‌سه‌نی کوردی له رۆژی ۱‌ی به‌فرانباری ۱۳۰۴ی هه‌تاوی له ئاوایی کولیجه نزیک شاری بۆکان له ناوچه‌ی موکریان له‌دایک بوو.
مامۆستا «قاله مه‌ڕه» له ته‌مه‌نی ۱۱ ساڵییه‌وه ده‌ستی کرد به ژه‌نینی ئامێری شمشاڵ و به هۆی لێهاتووی و توانایی به‌رزی هونه‌ری و به‌هره‌یه‌کی خودایی که له ده‌روونیدا هه‌بوو، ده‌ریایه‌ک له هونه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندی مۆسیقای به‌نرخی ناوچه‌کانی موکریان به تایبه‌ت؛ مه‌هاباد، بۆکان، فه‌یزوڵڵابه‌گی، سه‌قز، بانه و شوێنه‌کانی دیکه‌ی له مێشک و سینگی خۆیدا پاراستبوو. هه‌روه‌ها زۆربه‌ی میلۆدی و به‌سته و هه‌واکانی فۆلکلۆر له‌وانه؛ به‌یت و باو، به‌ند، مه‌قام، حه‌یران، لاوک و گۆرانیی کوردی به‌و په‌ڕی شاره‌زایی به شمشاڵه مێژووییه‌که‌ی پێشکه‌ش کرد.
له ماوه‌ی زیاتر له ۷۷ ساڵ ژه‌نیاریی شمشاڵ و خزمه‌تی بێ وێنه به هونه‌ری مۆسقای ره‌سه‌نی کوردی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی مامۆستایان و هۆنه‌رمه‌ندانی ناوداری کورد له‌وانه؛ محه‌مه‌د به‌یتان، محه‌مه‌د ئاغا، عه‌لی که‌ردار، سوڵتان محه‌مه‌دی، ره‌سووڵ نادری، عه‌زیز شاهرۆخ هاوکاری هه‌بووه و به‌رهه‌می زۆر گرینگ و به‌نرخ و جوانی تۆمار کرد.
مامۆستا «قاله مه‌ڕه» هه‌میشه له بۆنه ورێوڕهسمهکانی ساڵوه‌گه‌ڕی بۆردومانی کیمیایی سه‌رده‌شت، هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق بانگهێشت ده‌کرا و به شمشاڵه‌که‌ی دڵانی سارێژ ده‌کرد و له رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنی ناوه‌نده‌کانی مه‌هاباد و کرماشان چه‌ندین به‌رهه‌می به‌رز و هه‌رمانی تۆمار کرد.
مامۆستا «قاله مه‌ڕه» هه‌ره باشترین ژه‌نیاری ئامێری شمشاڵ له وڵاتی ئێران و ناوچه‌کانی کوردستانه و خاوه‌نی خه‌ڵاتی پله‌ی یه‌که‌م و مه‌دالیای زێڕینی باشترین ژه‌نیاری له چواره‌مین فێستیڤاڵی سه‌رتاسه‌ری مۆسیقای فه‌جر له تاران له ساڵی ۱۳۶۷ هه‌تاوی و خه‌ڵاتی تایبه‌تی هونه‌ریی پیره‌مێرد له لایه‌ن ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی خاک له سلێمانی له ساڵی ۱۳۸۱ هه‌تاوی له‌به‌ر ته‌مه‌نێک خزمه‌ت و چالاکیی هونه‌ری به‌ده‌ستهێنا و له ساڵی ۱۳۸۰ هه‌تاوی بۆته ئه‌ندامی راوێژکاری ده‌سته‌ی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی سه‌رتاسه‌ریی مۆسیقای ناوچه‌کانی وڵاتی ئێران له کرمان و له بیسته‌مین خولی فێستیڤاڵی سه‌رتاسه‌ری مۆسیقای فه‌جر له تاران له ساڵی ۱۳۸۳ هه‌تاوی وه‌کوو مامۆستای بلیمه‌تی ئامێری شمشاڵ له‌سه‌ر ئاستی ئێران له به‌رنامه‌ی «شب نای» محه‌مه‌دعه‌لی کیانینیژاد به شێوه‌ی تایبه‌ت رێزی لێگرت.
مامۆستا «قاله مه‌ڕه» له ساڵی ۱۳۸۹ هه‌تاوی وه‌کوو یه‌که‌مین هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و مۆسیقازانی کوردستان خه‌ڵاتی پڕبایه‌خ و به‌رزی هونه‌ریی ماملێ له لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی مامۆستا محه‌مه‌د ماملێ له شاری بۆکان پێی به‌خشرا که له رێوڕه‌سمێکدا له ماڵه‌که‌ی خۆیان له شاری بۆکان به ئاماده‌بوونی رێزدارانی بنه‌ماڵه‌ی ماملێ وه‌کوو خاتوو دایه ئامینه مه‌ولوودیان (ماملێ) هاوسه‌ری دڵسۆزی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی بلیمه‌ت و ناوداری کوردستان مامۆستا «محه‌مه‌د ماملێ» و هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی ناوداری مه‌هابادی مامۆستا جه‌عفه‌ر ماملێ و ژماره‌یه‌ک له هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و خه‌ڵکی هونه‌ردۆستی بۆکان ئه‌و خه‌ڵاته گرینگه پێشکه‌ش به بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی مامۆستا «قاله مه‌ڕه» کرا.
هونه‌رمه‌ندی شمشاڵژه‌نی ناوداری کوردستان مامۆستا قادر عه‌بدوڵڵازاده ناسراو به «قاله مه‌ڕه» له کاتژمێر ۱۱ و ۲۰ خوله‌کی شه‌وی ۳۱‌ی مانگی گوڵانی ۱۳۸۸ هه‌تاوی له ته‌مه‌نی ۸۴ ساڵیدا به بۆی نه‌خۆشییه‌کی درێژخایه‌ن، له ماڵی خۆی له شه‌قامی مامۆستا هێمن له شاری بۆکان ماڵئاوایی له ژیان و هونه‌ری مۆسیقا کرد.
ته‌رمی پاکی ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌پێی وه‌سیه‌تی خۆی له ته‌نیشت مه‌زار و گڵکۆی پیرۆزی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک ئوستووره و هاوڕێی دێرتنی خۆی له داوێنی کێوی ناڵه‌شکێنه له به‌رنامه‌یه‌کی یه‌کجار به‌شکۆدا به ئاماده‌بوونی هه‌زاران که‌س له خه‌ڵکی هونه‌ردۆستی کوردستان و بۆکان به خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
📸 وێنه‌گر: هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافه‌ری پێشه‌نگ به‌ڕێز #عومه‌ر_باپیری
مه‌نووچێهر جیهانی رۆژنامه‌نووس, ره‌خنه‌گر و لێکۆڵه‌ری هونه‌ری، ئه‌ندامی لێژنه‌ی توێژه‌رانی ماڵی مۆسیقای ئێران، سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی موکریان
- نویسنده : مه‌نووچێهر جیهانی
Saturday, 23 November , 2024