"مەنسوور جیهانی" پەیامنێری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی سینەما له وتووێژ له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی "فڕانس ٢٤" France 24 گوتی: سینه‌ماکاری ناوداری کورد "به‌همه‌ن قوبادی" له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کان" به سینەمای جیهان ناسێندرا.

موکریان بوکان ئانلاین | “مەنسوور جیهانی” پەیامنێری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی سینەما له وتووێژ له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی “فڕانس ۲۴” France 24 فه‌ر‌‌نسا گوتی: فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “کان” له وڵاتی فه‌ر‌‌نسا به ناونیشانی گرینگترین رووداوی سینه‌مای دنیا هه‌میشه گرینگییه‌کی تایبه‌تی به سینه‌مای کوردستان و ئێران داوه و پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان کردوون. به‌رچاوترین سینه‌ماکاری ئێرانی ڕه‌وانشاد “عه‌باس کیارۆسته‌می” به فیلمی سینه‌مایی “طعم گیلاس” واته “تامی گێلاس” به وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی به‌نرخی چڵه‌خورمای زێڕین و ده‌رهێنه‌ری ناوداری کورد”به‌همه‌ن قوبادی” به فیلمی سینه‌مایی “کاتێک بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌کان” و به وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی کامێڕای زێڕین و سینه‌ماکارانی به‌ناوبانگی ئێرانی له‌وانه؛ “ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی”، “جه‌عفه‌ر په‌ناهی”، “محه‌مه‌د ڕه‌سووڵ ئۆف” و … دوای به‌شداری له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا و وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی به‌شه جۆراوجۆره پێشبڕکییه‌کان به سینەمای جیهان ناسێندران.

جیهانی له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: هه‌موو ساڵیک، نوێترین به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی به‌رچاوی ئێرانی بۆ به‌شداری له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “کان” ڕه‌وانه ده‌کرێن و بۆ یه‌که‌مین جار، هۆگران و لایه‌نگرانی هونه‌ری سینه‌ما، ڕۆژنامه‌نووسان، ڕخنه‌گران، نووسه‌ران و به گشتیی ستافی سینه‌مای جیهان له میانه‌ی ئه‌م ڕووداوه گرینگه سینه‌ماییه‌دا سه‌یری ئه‌م به‌رهه‌مانه ده‌که‌ن و له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه جۆراوجۆره‌کانه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن و به وردی و به جوانی دادوه‌ری ده‌کرێن.

“مەنسوور جیهانی” له کۆتایی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا جه‌ختی کرده‌وه: فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، یه‌که‌مین په‌نجه‌ره‌ی گرینگی سینه‌مایی له جیهاندایه که به‌ره‌وڕووی سینه‌مای کوردستان و ئێران ده‌کرێته‌وه و ئه‌م هاوکارییه‌ گرینگ و پڕبایخه؛ وه‌کوو خوله‌کانی ڕابردوو، له خوله‌کانی داهاتووشدادرێژه‌ی ده‌بێت.