موکریان بوکان آنلاین | لە نووسینی | کاوە فەقیەزادە؛ بە راشکاویوە دەبێ بلێم ئێمەی میلەتی کورد مووسیقێکەمان لە گۆرانی، هەوا، بەیت، بەند و حەیران وەرگرتۆ، میوزیکی جەهانی موزسیانەکانی بە خەڵات مووسیقیان بۆ ولاتەکانیان بەرهەم هێناوە و مووسیقی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەتایبەت کوردستان گۆرانیبێژان و دەنگبێژان سینگ بەسینگ بۆیان پاراستوین و تۆماریان کردۆ… دەنگی مرۆڤ بە […]

موکریان بوکان آنلاین | لە نووسینی | کاوە فەقیەزادە؛ بە راشکاویوە دەبێ بلێم ئێمەی میلەتی کورد مووسیقێکەمان لە گۆرانی، هەوا، بەیت، بەند و حەیران وەرگرتۆ، میوزیکی جەهانی موزسیانەکانی بە خەڵات مووسیقیان بۆ ولاتەکانیان بەرهەم هێناوە و مووسیقی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەتایبەت کوردستان گۆرانیبێژان و دەنگبێژان سینگ بەسینگ بۆیان پاراستوین و تۆماریان کردۆ… دەنگی مرۆڤ بە شەش دەستە دابەش دەکرێت: #باس، #باریتۆن، #تینۆر، #ئاڵتۆ، #میتسۆسپرانۆ و #سیپرانۆ… سێ دەستەیان خوارەوەی دەنگی بۆڕن و سێی تریان بەرەو دەنگی تیژن، جێدەنگی مرۆڤەکان جیاوازیان بەیەکەوە هەیە بۆ نموونە دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەک تۆمارەکانی بە سێ قۆناغدا تێ دەپەڕێت لە باری زانستی مووسیقێ وە تەواو دەنگێکی تینۆرە دەنگی لە نێوان باریتۆن و تینۆر دایە لە هێندێ بەرهەمەکانیدا دەنگی نێزیک بۆتەوە لە دەنگی ئاڵتۆش بەڵام دەنگی خۆی وەک تۆنالیتەی دەنگیی، بە تینۆڕ کارەکانیان بۆ تۆمار کردووە کە دەنگی خۆیەتی. دەنگی مرۆڤەکان زۆر بە کەمی هەڵدەکەوێ شەش دانگ یان شەش ئۆکتاو بێت گۆرانیبێژانی وەک محەممەد ماملێ و سەیید عەلی ئەسغەری کوردستانی دەنگیان لە پەیژە و نێوێکدا گۆرانییان بۆ تۆمار کردوون ڕەنگە دەنگیان لەوە بەرزتریش بێت بەڵام مێلۆدییەکان خۆی لەو چوارچێوەیەدایە م.حەسەن زیرەک دەنگی خۆیەتی و لە خۆی نانووسێ بە زۆر دەنگی بەرز کاتەوە بۆیە لە دەنگی ماندوو نابیت دەنگی ئازارت نادات دەنگی زۆر لە سەرێ نییە لە باری زانستییەوە لە دنیادا ئەو هونەرمەندانەی دەنگیان خۆشە، دەنگیان تینۆر یان ئاڵتۆیە. ناڵێم ئەوانی دی ناخۆشن دەنگیان تیژە ئاڵتۆ یان میتسۆسپرانو وەک م. عەلی ئەسغەری م.محەممەد ماملێ، م.عەزیز شاڕوخ و… ئەو تۆنانەی لە دەنگی ئاڵتۆ خوارترن کە دەبنە تینۆڕ دەنگێکی ڕەسایان هەیە یەکێ لە هونەرەکانی حەسەن زیرەک هەڵبژاردنی شێعرە کە زۆر بە ڕوونی وشەکان دەڵێت کە گوێی لێ دەگریت وشە بە وشە لێی حاڵی دەبیت وشەکان ناکات بە ژێر لێوەوە ئی وایە دەنگیشی خۆشە بەڵام لە بواری ئەدەبیاتەوە وشەکانی ڕوون نین لە حەسەن زیرەک بە تەواوی کەلامەکانی ڕوونە.
بە سرنجدان بەو کارانەی کە بۆ ئێمە بەجێ ماوە، هەر لە سەرەتاوە کە دەستی بە گوتن کڕدووە، هەوڵی داوە مێلۆدییە فۆڵکڵۆرییەکان بڵێ و ئەوەی بە گوێی ئاشنا بووە گوتوویەتییەوە، م.حەسەن زیرەک کۆگایەک، خەزێنەیەکی مێلۆدی بووە ئێمە خۆیمان نەدیوە بەڵام لە ڕێی تۆمارەکانیڕا دیارە زیرەک پتر لە پەنجا تا شێست لەسەدی مێلۆدییەکانی خۆی سازی کردووە هیچ مووزیسیۆنێکی دنیا نەیتوانیوە سەد یا دوو سەد مێلۆدی ساز بکات حەسەن زیرەک توانیویەتی شارەزایی حەسەن زیرەک تەنیا لەڕێی گوێوە بووە دەنا سەوادی نەبووە، زانستی مووسیقی نەخوێندووە. هەر بە گوێ فێر بووە. مووزیسییەنێ هەبایە بیکوتبا کوتبای وەرە ئەو میلۆدییەت بۆ ساز دەکەم و لە چوار، پێنج خانەدا بێت و گۆشەی لێ پەیدا کردبا و ئەو دەم بیدایە بە زیرەک بەڵام زیرەک ئەوەی نەبووە ئەندیشە و بیر و هونەری زیرەک بەسەر مووزیسییەنەکاندا زاڵ بووە م.حەسەن زیرەک لە باشوور و لە بەغداوە دەستی بە گوتن کرد خەڵکی ڕۆژهەڵات نەیان دەزانی خاوەنی ئەو دەنگە موکریانێ و لە ساڵی۱۳۳۲ یا ۳۳ بوو کە هاتەوە چووە تاران لەوێ کۆمەڵێ کاری کرد هەتا ۱۳۴۱ و ۴۲ پاشان هاتە کرماشان لە کرماشان دەگەڵ کۆمەڵێ هونەرمەندی دیکە وەک موجتەبا میرزادە و عەبدولسەمەدی و ئوڕکیستڕای ڕادیۆ کرماشان، کۆمەڵێ کاری تۆمار کرد، دیسانەکانێ سەردانی باشوور و بەغدای کردەوە و هاتەوە و تووشی نەخۆشی بوو لە چوارچێوەی ئیداری هاتە دەرێ و ئازاد بوو لە کۆڕ و بۆنەکاندا دەی خوێند گەر بێنین کارەکانی پۆلێن بکەین دەتوانین بەم قۆناغانەی دابەش بکەین: بەغدا، تاران، کرماشان و مەجلسی. زیرەک لە بنەماڵەیەکی هەژار لە دایک بووە، بابی لەدەست دەدا و لە خۆشەویستی باب بێبەش دەبێت هەڵبەت کارمان بە ژیانی کۆمەلایەتی وی نییە تەنیا لە بواری هونەرییەوە هەڵی دەسەنگێنین لە بەغدایە دەگەڵ هونەرمەندانی زۆر بەتوانا وەک عەلی مەردان و قادر دیلان و… ئاشنا دەبێت و کاریگەرییان لەسەری دەبێت لە ڕادیۆ بەغدا ئەو میلۆدییانەی کە لە ڕووح و هەست و نەستیدا بوون تۆماری دەکات کە لێی ورد دەبیتەوە پتریان عاشقانەن چونکێ ئی سەردەمی لاویەتییەتی کە دێتەوە و دەشتە تاران لەوێ بە هاوکاری ئۆڕکیستڕای فاڕابی و نەکیسا کۆمەڵێ کاری بۆ تۆمار دەکەن لە تاران مووزیسییەنە فارسەکان و لە بەغدایە مووزیسییەنە عەڕەبەکان هاوکاری دەکەن بەڵام دەنگ و میلۆدی کوردانەی زیرەک بەسەر مووسیقادا زاڵە و ڕەنگ و هەوێنی ئەو نەتەوانەی پێوە نییە لە تارانێ هەم بە گرووپ و هەمیش بە ئۆڕکێسترا کاری کردووە گۆرانی هەی نار و وامەکە و…

لە تارانێ تۆمار کراوە کە لە بواری ئەدەب و هونەر و موزیکدا لە ئاستێکی بەرپرسیارەتیدا بوو بۆ کۆمەڵگا لە قۆناغی دوای تاران لە کرماشان دادەمەزرێت دەگەڵ موجتەبا میرزادە، هەڵکەوتووی مووسیقی و کەسێکی کەموێنەی وەک عەبدولسەمەدی کە ڕێبەری ئۆڕکیستڕای و ژەنیاری کلارنیکێتی ڕادیۆ کرماشان بوو ئاشنا دەبێت و هێندێ کاری هەرمانی بۆ تۆمار دەکەن
زیرەک دانەنیشتووە بە کارێک و دووانەوە هێندە خۆلیای لە سەردا بووە حەجمینی نەبووە دەشتەوە بۆ بەغدا بۆ وەی کاری دیکە تۆمار بکات لەوێ تووشی ڕووداوی ناخۆش دەبێت دێتەوە ڕۆژهەڵات و دەبێتە شارۆمەندێکی ئاسایی و لە سەقز و بۆکان و مەهاباد و شنۆ و… دادەنیشێت زیرەک هێندە ئەویندار بووە، ئەوینداری جوانی کوردستان، ئافرەت و…، جوانی کوردستان و ئافرەتی بە هەموو جۆرێک هێناوەتە بەرچاوی گوێگر باوەکوو خوێندەواری نەبوو شێعری شاعیرانی وەک تاهیربەگ و پیرەمێر و وەفایی و هێمن و هەردی و گۆران و… دەکاتە هەوێنی گۆرانییەکانی لە دنیایەدا زۆربەی نوخبە و هەڵکەوتەکان سەوادیان نەبووە یان کەم سەواد بوون ئەوڕۆکە باسەوادەکان و دوکتورەکان هیچیان پێ نییە کەسانی وەک زیرەکەکان و ماملێکان و هونەرمەندە مەزنەکان بەم جۆرەی کەم سەواد بوون و بە بەرهەمەکانینان دەناسرێن نەک بە سەوادەکانیان،
ئەمنێکی کە دەڵێم هونەرمەندم، هونەر جلوبەرگ نییە لەبەری کەم، ئوتوومبیل نییە سواری بم، هونەرمەند دەبێت شوێنەواری هەبێت کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا هەبێت لە کۆمەڵگای ئەوڕۆکەدا بە هۆی ئەو پشێویەی کە لە دنیای مەجازیدا دوروست بووە، دنیای مەجازی کەس ناکاتە هونەرمەند کەس بە گۆرانییەک نابێتە گۆرانیبێژ، بە کلیپێ یان دوان نابێتە هونەرمەند هونەرمەند سەیرێکی زەمانی دەبێ ببڕێت هونەرمەندێکی خاوەن پێناسە دەبێت کاتی پێ بدرێت، زەحمەت بکێشێت تا وەک حەسەن زیرەک یان عەلی مەردانی لێ دربێت.
م.حەسەن زیرەک لە دڵەوە فێری ئەو سروشتە بووە و بە فکر و ئەندێشە فێر بووە و تەواو دەگەڵ نەتەوەکەی بووە ئەو لە ساڵی ۱۳۰۰ه لەدایک بووە هەتا ئێستا دەبێتە ۱۰۴ساڵ، ئەو نەهامەتییەی بەسەری هاتووە، ئازموونی زۆری وەدەست هێناوە و خاراوە ئەو مووسیقی بە گوێچکە فێر بووە و بە هەست و دڵ هەستی پێ کردووە زانیویەتی کە دەبێت پێشکەوێت و پێشکەوتووتر لە سەردەمی خۆی بێت دەیزانی دەبێ چ بکات دەتوانم بڵێم ئەوە سەد ساڵ بەسەر لەدایک بوونی زیرەک دا تێپەڕیوە، باسەوادەکانی مووسیقی، دانیان بە لێهاتوویی و قوتابخانەبوونی زیرەک دا ناوە ئەعجووبە بووە و حاشای لێ ناکرێت دەگەڵ باشترین مووسیقارەکانی سەردەمی خۆی کاری کردووە زیرەک لەگەڵ کەسانێ کاری کردووە کە شارەتاترین کەسی ئەو دەم بوون لە مووسیقی دا هەڵبەت لە کارەکانیشیدا شتی لاوازیش هەیە لەسەر حاڵ نەبووە. لە مەجلیسەکان دا کوتوویەتی یان گۆرانییەکە کامڵە بەڵام مووسیقێکەی هەو نییە ئەو جۆرە کارانەشی لەوانی بەغدا و ماڵانیدا هەیە ئەگەر بیست و چوار ڕەنگمان هەبێت گۆرانیبێژی یەکێ لە ڕەنگەکانە. جۆری ئامێرە مووسیقێکان بۆ خۆیان هەر یەکی ڕەنگێکن و یەکدی تەکووز دەکەن کارەکانی زیرەک زۆر گاریگەریی هەبووە. ئەو هونەرمەندانەی کاریان لەگەڵ کردووە بە دڵ کاریان لەگەڵ کردووە و جوان بۆیان تۆمار کردووە. زیرەک لە گۆرانییەکانی دا باسی جوغڕافیای کوردستان و داب و نەریتی کورده واری و کشتوکاڵ و جوانی ئافرەت و سروشتی کوردستان و نەدامەتی و ماندوویی خەڵک دەکات گۆرانی و مووسیقی لە نێو میلەتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست گشت گۆرانیبێژان و هونەرمەندان لە هونەرمەندانی پێش خۆیان وەرگرتووە هێندێ وەکو خۆیان گوتوویانەتەوە و هێندێکیش گۆڕیویانن، خۆشتر و هونەریتریان کردوون مەلا کەریم سابڵاغی زۆرێ لە گۆرانییەکانی زیرەکی بەر لە م.حەسەن کوتۆتەوە بۆ وێنە: ناڵەشکێنە، کە زیرەک دەچمە سەر ناڵەشکێنە دەڵێ ئیدی پاش وی کەس نایڵێ چونکێ زیرەک وەها جوانی کوتۆتەوە ئاوری تێ تێبەرداوە یان گۆرانی بەلار و بەلار، یان خانمی مەزەدار زیرەک کە فولکلۆری کوتۆتەوە دوو هۆی هەبووە: یەکیان میلۆدییەکەی هێند پێ جوان بووە بۆیە کوتوویەتی، ویستوویەتی بەو ئامێرە نوێیانە کە لە زەمانی پێش ئەودا نەبوون و لە زەمانی ئەودا پەیدا بوون تۆماری کات دوایە بە ئامێری نوێ و دەگەڵ هونەرمەندی گەورەی مووسیقی تۆماری کردوون چاکتر کە کوتوونیەوە ئەمن هەمیشە دەڵێم باش بوو کورد حەسەن زیرەکی هەبوو گەر کورد ئەو چوار کۆڵەکە گۆرانیبێژەی نەبا، کە بریتین لە مامۆستایان: عەلی مەردان، تاهیر تۆفیق، حەسەن زیرەک و محەممەد ماملێ و.. باش بۆ کە ئەو بلیمەتانەی کورد مووسیقێ کەمانیان تۆمار کراوە.
ئەمن دڵنیام سەدی حەفتای گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک ئی خۆیەتی بە جوئەت و زانست و بەڵگەوە دەیسەلمێنم پێش ئەو گۆرانی خاڵەی ڕێبوار و لە سیلەی قەبران هاوارە و…

خوێندراوە، بەڵام زیرەک هێناویەتی ئاڕایشتی کردووە، دەوڵەمەندی کردووە، هەرگیز ئەو دەوڵەمەندییە لەو گۆرانییە ناسێندرێتەوە زۆربەی هونەرمەندە گەورەکان باسی توانایی و شارەزایی و دەنگخۆشی حەسەن زیرەکیان کردووە لە باری هونەرییەوە هەتا ئێستێ کەس ڕەخنەی لێ نەگرتووه ئیرادی لێ نەگیراوە مامۆستا حەسەن زیرەک کاریگەریی لەسەر نەتەوەکانی دەوروبەریش هەبووە وەک عەڕەب و فارسەکان و… بەو نەختە سەوادە کە بوویەتی بە فارسیش گۆرانی کوتووە چەند کارێکی هەیە هەر چەند بازاڕییە بەڵام هەر شتێ بێت تۆمار کراوە تورکیشی خوێندۆ سەردانی تەورێزی کردووە لەگەڵ هونەرمەندانی ئازەری دانیشتووە گۆرانیان پێکەوە کوتووە لە ڕادیۆ ئازەربایجان بانگ کراوە کاریگەری لەسەر ئازەرێکانیش بووە، ئەوانیش باندۆریان لەسەر فەرهەنگی کوردی هەبووە گەورە مووسیقی زانەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە چونکێ خۆی زۆر خولیا بۆ لە تارانەوە هاتۆتە سنە دەگەڵ مامۆستا حەسەن کامکار کاری کردووە گەر لە کرماشان بووە بە سەردان چۆتە سلێمانی و دەگەڵ مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی و تیپی مووسیقی سلێمانی کاری کردووە، یەکێ لە ڕازەکانی سەرکەوتنی زیرەک گەڕان و سەردان بووە نەهاتووە لە بۆکان یان مەهاباد و… دانیشێ زانیویەتی هونەر دەێت بە دوایدا بڕۆیت زانیویەتی گەر بیهەوێ لەم و لەو لەسەرتر بێت دەبێت بگەڕە، فێر بێ و کار بکات گۆرانی خانباجیی بە تورکی کوتووە ئاکامی هەر ئەو گەڕانە بووە؟ قەدیمییەکان بێ ئەوەی سەوادیان ببێت تورکیان زانیوە بە هۆی دراوسێیەتییەوە ئاڵوگۆڕی کەلتوورییان هەبووە فەرهەنگ و داب و نەریتی یەکدیان زانیوە خانباجی مێلۆدییەکی نێودەوڵەتیی هی کوردە و هی تورکیشە یان بەهاران خۆشە زمزیران کە م.مامڵێش کوتوویە ئەوان هاتوون گەڕاون بە دوایی گوڵی جواندا ئاڵووێری فەرهەنگی بووە، ماملێ و زیرەک مێلۆدی ئەرمەنی و ئازەری و فارسییان کوتووە و ئەو نەتەوانەش مێلۆدی کوردییان کوتووە لە کۆنەوە ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و کاریگەریی لەسەر یەکتر هەر هەبووە بۆ وێنە ئێمە بەیتی سەیدەوانمان هەیە لە باکووری کوردستان لە ئامەد و باتمان و… هەیه ئەوە ئاڵوگۆڕی فەرهەنگییە دەنا ئەو تڕاژیڕییە لە دوو شوێن ڕووی نەداوە، م.حەسەن زیرەک توانیویەتی میلۆدی دراوسێکان بکوردێنێت؟ میلۆدییەکەی هێناوە جوانتری کردووە بە پێچەوانەشەوە، هونەرمەند هەیە میلۆدی جوانی هێناوە کوتوویەتی خراپی کردووە
پرسیارێک؟ م.زیرەک جیا لە گۆرانی و بەستە و هەوا مەقامیشی کوتۆتەوە، لە مووسیقی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە کۆنەوە مەقامات هەبووە ئەمە دوازدە مەقاممان هەیە /بە شێوەی ڕۆژهەڵاتی/ ئەو دوازدە مەقامانە پەرەیان پێ دراوە لە ناو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکار کراون تەنانەت ئێرانیش تا دەورەی قاجار مەقامی بووە عوسمانییەکان چاردە مەقامیان هەیە ڕۆژهەڵاتییەکان دوازدەیان هەیە ئەو مەقامانە دەگەڕێنەوە بۆ زۆر کۆن. تەنیا کەسێک کە گەشە و پەرەی بەو مەقامانە داوە زەڕیاب مووسڵی بووە کە نەدیمێکی عەباسی بووە ئەو بە تەنبوور و عوود و… کە ژەنیویەتی ئەو شتە فێر بووە عەڕەبەکانیش هەر لە وی فێر بوون بە هۆی ئەوەی ئەو لە کوردستان نەبووە، بەرهەم و نووسینەکانی وەدەست نەتەوەی کورد نەکەوتۆ بزر بۆ عەبدولقادر مەراغەیش خۆی کورد بووە چۆتە بەغدا بەغدا ناوەند بووە شارەکانی کوردستان ناوەند نەبوون ئەو مەقامانە هاتوونەتە ئێران بوونەتە دەزگا. بڕێکیشیان شێواندۆ گلەییان لەسەرە، کارمان بە وەی نییە مووسیقی خۆیانە، ئەمە لە سەد ساڵی دواییدا گۆرانیبێژەکانمان لە خانەقا و تەکییەکاندا زیکر و گازە فێر بوون لەوێکانە مەقام خوێندراوە مامۆستا زیرەک چونکێ لەگەڵ مامۆستا عەلی مەردان ئاشنا بووە بە جەوانی سەردانی کەرکووک و سلێمانی کردووە مەقامات بەر گوێی کەوتووە فێر بووە زیرەک یەکێ لە هەرە هەرە گۆرانیبێژە بە تواناکانی کوردە کە ئەگەر پلەبەندی بکەین لە سەتا هەشتای بە چێژی کوردی خوێندووە هونەرمەندمان هەیە سەدا سەد عەڕەبی خوێندووە هەشن فارسی خوێندووە کەلام و شێعرەکەی کوردییە بەڵام میلۆدییەکەی و شێواز کوردی نییە. بۆ وێنە م.مەزهەری خالقی تۆن و شێوەی گوتنی نێزیکە لە ئێرانییەکان زیرەک لە سینگیدا گۆرانی دەڵێ جا بۆیە ئێمە ئاماژەی پێ دەکەین ئەو ئاشنا بووە بە فەواسیلە مەقامییەکان نەهاتووە ڕەدیفی مووسیقی ئێرانی بڵێت ئەو میلۆدییانەی سینە بە سینە فێر بووە مەسەلەن خاڵەی ڕێبوار سەداسد مەقامی کوردی خانەقاییە لە جووڵەی یەکەمی مەقامی ئەڵڵاوەیسی کە لە خانەقاکاندا لەسەر ئەوە مناجات دەخوێندرێت زیرەک کاریگەریی لەسەر ژەنیارەکانیش هەبووە بە دوایی خۆیدا ڕەکێشی کردوون زۆربەی کارەکانی بۆ خۆی دەستی پێ دەکا و هەر خۆشی تەواوی دەکات تەواو بەسەر ئورکستراکاندا زاڵ بووە مامۆستا حەسەن زیرەک گۆرانیبێژێکی تەواو کوردییە بەسەر مەقاماتێک کە خوێندوویەتی تەواو زاڵ بووە جا چ مەقامی ڕاست یان بەیات بووبێت یان دووبەیات، بەیاتی کورد، نەهاوەند، بەتاتی عەجەم کە ماهووری پێ دەڵێن و…

بە جوانترین شێوە گوتوونی دەتوانم بڵێم لە نێو گۆرانیبێژاندا لە هەمووانی جوانتر مەقامی ڕاستی خوێندووە. م.مجتەبا میرزادەش بەڕاستی جوانی بۆ تۆمار کردووە ژەنیارانی لێهاتوو و پاکوخاوێن بوون کە توانیویان ئیلهام لە یەک تر وەرگرن چەند نموونە لەو مەقامانە تۆمار کراون وەکوو “دەمێ ساقی دەمت بێنە”، “لە باخان ئاه و ناڵین دێت و…” دیارە ئەوانە شەوانە تۆمار کراون دەنگێکی زۆر ئارامیان هەیە دەبێت ئەوە بڵێم م.حەسەن زیرەک مەقامبێژ نەبووه تەنیا بەسەلیقەی خۆی هێناویەتی ڕەوایەتی خۆی هێناوە لەنێو ئەوانەدا گونجاندوویە م.عەلی مەردان و تاهیر تۆفیق مەقامبێژ بوون زیرەک بەڵام گوێی لێ گرتوون فێریان بۆ، جیا لە مووسیقێ کێشدار کە ڕیتمییە لە زۆربەی ڕیتمەکاندا و بەزم و ڕەزمەکانیشدا گۆرانی تۆمار کردووە لە میزانە(باڕەکان)، سادەکاندا لە تەرکیبییەکاندا لە ڕیتمەکاندا، ئەوەی کە گوێمان لێ دەبێت لە باری زانستی مووسیقێ وە ڕیتم و فەواسل و ئەو کارانەی ئەو کردوویەتی لەو سەردەمەدا هەمووی بایەخی زانستییان هەیە دەکرێت ئەو بایەخە زانستییانە ئەوڕۆکانە لە زانستگاکاندا بخوێندرێت؟ ئەوە دێتە سەر نەوەی ئێمەی باسەواد ئێمە دەبێت لە چەند بواری مووسیقی دا هەڵیسەنگێنین مووسیقی هەر ئەوە نییە خەڵکی ئاسایی گوێی لێ دەگرێت ڕاستە مووسیقی بەگشتی هونەرێکە وەک هەموو هونەرەکان بۆ خەڵکە خەڵک دەبێت هەستی پێ بکات خەڵک ئاوێنەی هونەرمەندە بەڵام ئێمە دەبێ لێهات و زانا و لێکۆڵەربین تا ئەو زانست و توانا و پلەوپایە مان هەبێت کە توانا هونەرییەکانی هونەرمەند دەربجەین… ئەمن نزیک ساڵانی۷۸ و ۷۹ی هەتاوی چل گۆرانی مامۆستا حەسەن زیرەکم نۆت نووسیی کرد بۆ فێرکاری ئامێرێکی وەکوو سەنتوور کە ئامێری حیرفەیی خۆمە هەڵبەت پاش زانستێ کە دوایە بەدەستم هێنا دوای ئەوەی کە لە تاران لە مەکتەبی ئاغای فەرامەرزی پایوەر مووسیقی فێر بووم و بەو شێوە نووسینە و ژەنینە و فێرکارییە ئاشنا بووم پێم سەیر بوو لە کوردستاندا ئەو هەمووە مووسیقی زانە هەیە کەچی کارێکی ئەوتۆ نەکراوە دیارە ئەو سەردەمە تەنیا ئیهتمام و بایەخیان بە تۆمارکردن داوە نووسین و دارشتن دەبێت بە شێوازی دەستەبەندی و پۆلێن بێت ئەمن کتێبێکم نووسی بە نێوی “هەی نار” کە چل دانە لە گۆرانییە باش و شازەکانی م.حەسەن زیرەک لەگەڵ باشترین گرووپەکان و باشترین چوارچێوەدا چاپم کردووە کوردستان وڵاتێکی پان و بەرینە بە چەندین زاراوە و نەریتی جۆراوجۆرەوە بەڵام ئەمن تەنیا باسی هەرێمی سۆرانی و کورمانجیبێژان دەکەم ئەگەر ڕۆژێک لە نێو سۆرانی و کورمانجییەکاندا، مووسیقیزانێک بێت و ئەو کارانەی مامۆستا زیرەک پێک بگرێت بە دڵنیاییەوە دەڵێم زیرەک لە سەدی هەشتای کارەکانی بە کەڵکی ڕێپڕتواری مووسیقی ئاکادمیک دێت جا چ بەشێوەی مەقام و گۆرانی کە بنووسرێتەوە و بە ئامێرە مووسیقییەکان بژەندرێت کە من ئەلحانە بیست و پێنج ساڵە لە فێرگەکەم ئەو کارە دەکەم و نەوەی نوێ بە زمانی دایکی خۆی فێری مووسیقی دەبێت… ئەو کارە نە تەنیا بۆ مامۆستا زیرەک دەبێت بۆ مامۆستایان ماملێ، عەلی مەردان، سەید عەلی ئەسغەر، تاهیر تۆفیق و مەلا کەریم و… کارەکانیان ڕێپرتوارێکی پۆلنبەندی بکرێت بۆ فێربوون نەک بۆ گوێگرتن، ئەمن لێرەشدا دەڵێم ئەگەر ڕۆژێک لە هەر پارچە و مەڵبەندێکی کوردستان کەس یان کەسانێک مووسیقی ناوچەی خۆیان بە شێوەی ڕەوایەتی دەستەبەندی بکەن، واتا ئەمن مووسیقی ناوچەی خۆم یەکی دی ئی ئامەد ئەویان ئی هەولێر و کەسێکی دی ئی قامیشلۆ و… ڕەوایەتەکەی پۆلێنبەندی بکات، ڕەوایەتی مووسیقی باکگراوەندەکەی خرا ناکات ئەو باکراوەندە گەنجینەیەکە کە هەیە ئەگەر ئێمە لەو گەنجینەیە هەڵێنجین و ڕەوایەتی لێ دەرهێنین ئەو دەم ئەو ڕەوایەتە دەبێتە مووسیقییەکی زۆر گەورە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەنا ئەو سەلیقەیە ئەمن دوو گۆرانی دەنووسم و کەسێکیتر یەکێ دەنووسێت، شتێکی ئەوتۆ نییە تەنیا بە کەڵکی ئارشیڤی کەسەکە خۆی دێت بەڵام کار دەبێت ڕێپرتواری لێ دەربێت کە ڕێپرتواری لێ دەرهات وەک چۆن ئەلحانەکە لە ئێران ڕەوایەت هەیە لە تورکیا و… ڕەوایەت هەیە یان لە نێو عەڕەبەکاندا هونەرمەند عوود لێ دەدا دەڵێن بۆ نموونە ئەوە ڕەوایەتی موشیر بەشیرە لە ئێران سەنتووری لێ دەدەن دەڵێن ئەوە ئی فەرامەرزی پایوەرە، ڕەوایەت مرۆڤەکان ئازادتر دەکات دەستیان ئاوەڵاتر و بەربڵاوتر دەکات بێین کارەکانیان هەڵسەنگێنین ڕەنگبێت ئەو هونەرمەندە هەڵەی کردبێت با حەسەن زیرەکیش بووبێت مرۆڤەکان هەڵە دەکە بۆ وێنە هەنبانەبۆرینەی مامۆستا هەژار دەبێت تەکووز و کامڵی کەین ئێمە دەبێت ڕەوایەت بێنینە نێو مووسیقێکەمان و چاپیشی بکەین بۆنموونە گۆرانیبێژێک لە خانەقا قەتار و خاوکەری گوتووە، قەتاری لە بەیاتدا و خاوکەری لە حیجازدا کوتووە لەوانەیە هەڵەی کردبێت تۆنی دەنگی ئەمبەرەوبەر کردبێت قەیدی نییە هاتووە مودیلاسێون و نوێباوی کردووە ئەو کارە خراپ نییە با ئاوا بێت بەڵام لە هێندێ جێدا ڕاستکردنەوە پێویستە نابێت لە ڕاستکردنەوە و ڕەخنە بترسین با بڵێین ڕەوایەتی کاوە فەقیەزادە لە مووسیقی کوردستان دا ئەوە بووە. فڵانکەس لە سلێمانی و… ڕەوایەتی ئەوە بووە ئەو دەمە دەکرێت مووسیقییەکی سەربەخۆ و زانستمەندمان هەبێت، ئەمن نزیکە سی و هەشت ساڵە هەتا ئێستا حەڤدە، هەژدە کتێبم لە بواری مووسیقی دا نووسیوە و نەریتێکیشم لە مامۆستایانی گۆرانیبێژ کۆن بۆ فێربوونی مووسیقی بە ئامێری سەنتوور داڕشتووە و لە کلاسەکانمدا بەکاری دەهێنم، ئەمن بەناوی مووسیقی زانی کورد لە تەمەنی پەنجا و پێنج ساڵیدا دەڵێم: بەڕاستی دەستان خۆش بێت مامۆستایان، سەید ئەسکەر، ملاکریم، مردان، تۆفیق، ماملێ و بەتایبەت زیرەک! چا نەبوو کورد ئەنگۆیی هەبوو ئەو هەموو شتە جوانەتان بۆ تۆمار کردین چا نەبووم میرزادەمان لەو سەردەمەدا هەبوو! عەبدولسەمەدی و ئورکیسترای ڕادیۆیی کوردی کرماشان، ئورکیسترای مامۆستایان قادر دیلان و ئەنوەر قەرەداغی و… چا نەبوو سەردەمی ئەوانه ڕیکۆرد هەبوو! زۆر کەسی بەتوانامان هەبووە کە زۆر لەمێژینن و دەنگ و ناویان تۆمار نەکراوە و ئێمە هیچیان لەسەر نازانین بە کوتەی حاجی قادری کۆیی لەبەر بێدەفتەری ون بوون و فانی! ئەو دەمە نە سەواد هەبووە و نە ڕیکورد… جا من لێرەدا دەڵێم ئەو دەم مامۆستا زیرەک و مامۆستایانی دی ئەو هەموو کارەیان کردووە، ئێستا کارەکان کەوتۆتە سەر ئێمەی مووسیقی زانی کورد کە ئاوڕیان لێ بدەینەوە کەسێک بیست، سی ساڵ چووە مووسیقی کلاسیکی خوێندووە ئێرانی و تورکی یان عەڕەبی خوێندووە دەبا بیست ساڵیش کات بۆ ناسینی مووسیقی وڵاتەکەی خۆی دانێت و هەڵیسەنگێنێت و بینرخێنێت کە بتوانێت کۆیان بکاتەوە فێریان بێت و جا ئەو دەم دەتوانێت خزمەتی مووسیقی کوردی بکات.
هەتا ئێستا کۆد و ڕەمزی مووسیقی زیرەک نەکراوەتەوە؟
نازانم، ڕەنگە تا بیست لەسەدی کردنەوەی کۆدوو بەستێنی هەیە…؟ یەکەم: نووسراوە و دەق کە زیرەک لە کوێ ژیاوە و چۆتە کوێ و…؟ دووهەم: م.حەسەن زیرەک لە بواری مووسیقییەوە دەبێ شی بکرێتەوە، ئەمن هەمیشە دەڵێم مامۆستا زیرەک هەر بە ئەندازەی کلاس شەشومی خوێندەواری هەبا و توانیبای ئەو شتانەی لە بیر و هزریدا بووە نووسیبایەوە دەبوو بە باخێک لە مووسیقای کوردیدا هەرچەند پێم وایە لە داهاتوودا گەر ڕەمزگوشایی بکرێت دەبێت بە باخ. لە مووسیقی کلاسیکدا کەسێک هات بە نێوی باخ و سەروسامانی بە مووسیقی وڵاتی خۆی دا ئەو کارانەی زیرەک کردوویەتی بۆ مووسیقی زانەکان میراتە، پاشوارە نەک هەر زیرەک بەڵکوو مامۆستایانی دیش. سەیید عەلی ئەسغەری کوردستانی،، مەلا کەریم، کاک ناسر کە کاری جوانی هەیە و بە کاری ڕپێرتوار دێت. هونەرمەندێکی وەکوو مامۆستا مەزهەر خالقی وەکوو ئەو لاوانەی ئەوڕۆکە کار دەکەن بێن ڕەمزگوشایی بکەن و ئەو شتە بکێشنە نێو ڕێپرتوارێکی ڕیوایەتی کە بۆ وڵاتەکە و بۆ نەوەی نوێ و فەرهەنگ و فێربوونی مووسیقی بە کەڵک بێت. مووسیقی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی لە عاستی دەرەوەڕا لە هیچ ئاستێکدا نییە.چونکێ بە درێژایی مێژوو دەوڵەتێکی تۆکمە و پتەو لەو ناوچانەدا نەبووە بایەخ بە مووسیقی بدات سەرەڕای نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ کورد هەمیشە دەربەدەر بووە پاکتاو کراوە و جینوساید کراوە ئەمجار مووسیقی کاتێ زانستمەند و جیهانی دەبێت کە بکرێتە توجاڕەت و بتوانی بە دنیای بناسێنیت وەکوو مووسیقی کلاسیک، جاز، پاپ… کە ئەوڕۆکە لە دنیادا ساز بووە بەتایبەت لە ئەمریکا و ئوستوڕاڵیا و ئورووپا و هێندێکیش ڕووسیا ئەوە پێک هاتووە. ژاپۆن بەو هەمووە پێشکەوتنە لە تیکنولۆژیدا، هێشتا مووسیقی کەی نەیتوانیوە پلەیەک وەرگرێت و لە دنیادا بناسرێت مووسیقی ڕووسیا بە هۆی کەسانێ وەک چایکوفسکییەوە لە دنیادا ناسراوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی هۆگری مووسیقی کەلامین ئێمە دەبێت مووسیقی کەمان بە شێوازی بێکەلام بە دنیا بناسێنین سەمفۆنیای نۆی بیتهۆڤین کەلامیشی لەگەڵە هەر چەند ئی بێکەلامیشی هەیە مووسیقی ئێمە هێشتا لە قۆناغێکدایە کە نەفەوتێت و نابێ بشفەوتێت نابێ بیر لەوە بکەینەوە کە کەنگێ جیهانی دەبێت.
کەوابوو کاریگەریی مووسیقی کوردی زۆرتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە؟ تەنیا هەر لە نێو خۆماندایە هەر مووسیقی ئێمە وا نییە ئی عەڕەب و تورک و فارسیش وایە تەنیا مووسیقی وڵاتی ئازەربایجان لە دۆخێکی باشدایە ئەویش بە هۆی مووسیقی ڕووسیاوەیە کە سەردەمێک پێکەوە بوون. ئەدەبیات و مووسیقی لە ناو کۆمەڵگادا زۆر گرنگە بۆوەی ئاستی هونەری ولاتێک بەرز ڕاگری پرسیارێک هەیە؟ هێندێ دەڵێن شێعری گۆرانییەکانی زیرەک تۆزێک سووکە؟ جاری وایە هێندێ کەس بڕێ شتی لە زەیندا گەڵاڵە دەبێت گەر زیرەک سەوادی بایە، هونەرمەند هەرچی سەوادی زیاتر بێت لە ئەدەبیاتێکی جوانتر و قورستر کەڵک وەردەگرێت وەکوو م.عەلی مەردان، تاهیر تۆفیق، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، هەڵبەت زیرەک نەهاتووە لە خۆڕا چەهچەهە و بەهبەهە لە نێو مەقامدا زیادکات ئەمن پێم وا نییە وەکوو ئەم سەردەمە ئەدەبیاتیان خرا کردبێت ئەو ئەدەبیاتەی ئەوان بەکاریان هێناوە سادە بۆ و زۆریش سروشتێ، ئەدەبیاتەی پاپیستێک دەیڵێت لەو سەردەمەی دا کەس نازانێ دەڵێ چی هیچ کە ئەدەبیاتەکەی سووکە، مووسیقییکەشی لە چوارچێوەدا نییە و خراپیان کردووە، بەڵام کە گوێت لە زیرەکبێ بێ ئەدەبی لەنێو کارەکانیدا نییە ئەدەبیاتێکیان هەڵبژاردووە کە سەداسەد لەبیر و کولتوری خەڵکەوە هاتووە بۆ وێنە زیرەک هاتووە چۆتە قاوەخانەیەک شەمامە دانراوە پێی جوان بووە وەسفی کردووە… جوانی ئافرەتێک وەسف دەکات باسی بەهار و جوانی وڵاتی خۆی دەکات خۆی بە قاوەچی دەشوبهێنێ کە شەمامەی پێویستە چونکێ لە ئەندامی یار دەچێت، یان وەسفی نێو ڕان دەکات ئەو دەمەی شوان بۆ دۆشین مەڕ بێر دەدا کچی قۆڵبەبازن و شۆڕەژنی شۆخ دەچن بۆ دۆشینی زیرەک بەو جوانیانە هەڵدەڵێت ئی وایە ” ڕان” لەوێ دا بە ئەندام مرۆڤ دەزانێت. گەر دەتهەوێ زیرەک بناسیت دەبێ هەنبانەبۆرینەیەکیشت لەکن بێت ڕستە و وشە و زاراوە و ناوی شار و کێو و چۆم و دێهاتی و ڕووداوی کوردستان دەبات کە دەبێت وشەدانێکت لەبەر دەست بێت. ڕەنگ بێت زۆری ئەو ئیدیۆم و نەریتانە بۆ لاوی ئێستا ئەستەم بێت جا بۆیە ئەمن ئەو شتانە ناگێڕمەوە بۆ ئەوە کە کارێکی خراپیان کردبێت زیرەک ئەوینداری کورد و کوردستان و فەرهەنگەکەی بووە مامۆستا زیرەک دەنگی لە میانەی دەنگەکاندایە سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی دەنگی لەسەرێیە تۆنی دەنگی بڵیندە زیرەک خۆشترین جێدەنگی هەیە خەڵکی ئاسایی لە زیرەک حاڵی بوون باسەوادەکانیش دەنگی زیرەکیان پێ خۆش بووە، چونکێ زیرەک لە هەر بوارێکەوە و هەر دەقێکی بە گۆرانی کوتبا، خۆشی دەکوت هەر بۆیەشە هەموو چینێکی کۆمەڵگا هۆگری بوون، پێی دەڵێن هەڵکەوتووی سەردەم و نابغەی قەڕن، من ناتوانم وەها بڕیارێک بدەم بەڕای من دەسپێکی م.حەسەن زیرەک کە لە ساڵەکانی سی و یەکی هەتاوییەوە لە ڕادیۆکانەوە ناسرا و تاکوو کۆچی دوایی کرد لە خراپترین دۆخی ژیاندا بوو لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا ڕۆحی زیرەک لە ڕێی دەنگییەو لە زەینی دایوبابان و بنەماڵەکانماندا بۆ هەمیشە تۆمار کراوە، هەر بۆیە هەموو ساڵێک لە بۆنەکاندا، لە مێدیاکاندا لە دەرەوە و ناوخۆ یادی دەکەنەوە لە هەر کوێیەک باسی گۆرانی کوردی کرا، زیرەک هەمیشە حازرە و زیندووە دەتوانم بڵێم هونەرەکەی و تواناییەکەی لەچاو هونەرمەندان و دەوروبەری خۆی لەسەرتر بووە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا گوێی دەدەنێ لەچاو هونەرمەندانی دیکە پتر دەنگی ڕۆیشتووە جنسەکەی تەواو ئەسڵە، ڕەسەنە جنسی ساختەی بە خەڵک نەفرۆشتووە لەدڵدا دەمێنێتەوە مامۆستایانی وەک سەید عەلی ئەسغەر و زیرەک و ماملێ و… مەگەر گەردوون، زەوی تێک چێت و مرۆڤ نەمێنێت دەنگی ئەوانیش بمرێت دەنا هەتا کورد هەبێت ئەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی کە لەنێو کوردستان دا لەسەردەمی خۆیاندا لە تۆمارکردن و لە چڕین دا بوون، هەر دەمێننەوە.
پرسیارێک؟ دەڵێن ۲۸۰۰ گۆرانیشی هەیە و تۆماری کردۆ!
ئەمن باوەڕ ناکەم… بەڵام م.زیرەک لە بۆنەکاندا گۆرانی کوتووە لە دە، یان سەد بۆنەدا گۆرانییەکی چەندین جار کوتۆتەوە و گۆڕانکاریشی تێیدا نەکردووە و تۆماریش کراوە خۆ ئەوە هەر یەک گۆرانییە و چەند جار دوپاتە بۆتەوە یان گۆرانییەک لە ڕادیۆ لە گرووپێکێدا بە ئورکیسترا لێی دراوە هەر لە ڕادیۆ لەگەڵ گرووپێکی دیکەدا بە باڵەبان لێی داوە یان بە دایرەیەک یان نقارەیەک گۆرانی کوتووە و تۆمار کراوە کە گشتی ئەوانە هەر یەکن مامۆستا حەسەن زیرەک ڕەنگبێت هەشتا گۆرانی زۆر تایبەتی هەبێت ئەوانی دیکەشی هەر ئەوانەن لە بۆنەکان دا دیسان کوتوونییەوە گشت گۆرانییەکانیم هەیە ناگەنە سەد میلۆدی ئەو گۆرانییانەی کە لەیەک ناچن هەر سەد گۆرانی دەبێت خەڵک ئەوندەیان پێخۆشە دەڵێن ۵۰۰۰ گۆرانی هەیە…

کاوە فەقیەزادەم لە ساڵی ۱۳۴۹ی هەتاوی لەدایک بووم لە حەڤدە ساڵییەوە چوومەتە خزمەت مامۆستا یۆسف ڕەبیعی لە مەهاباد دوایە چوومە تاران ، هەشت ساڵان لە مەکتەبی مامۆستا فەرامەرزی پایوەر مووسیقی بە سازی سەنتوور فێر بووم. دوایە لە خزمەت خوالێخۆشبوو ئاغای مشکاتیاندا ماوەیەک کارم کرد بۆ ماوەی چوار ساڵیش لە دامەزراوەی ڕەسامی هونەر لە تاران شناخت و ناسینی مووسیقیم خوێند ئەو دامەزراوەیە هەڵوەشاوە و چووە ژێر چاوەدێری جیهادی دانیشگاهییەوە. لە ساڵی۷۹،۷۸وە گەڕامەوە مەهاباد هەتا ئەوڕۆکە خەریکی مووسیقی کوردی بووم هەوڵم داوە دڵی خوازیارانی و ئۆگرانی مووسیقی ڕاگرم لە ساڵی ۱۳۸۶ه چوومە باشوور و لە سلێمانی لە ئەنستیتۆی کەلەپووری کورد بە ڕاگری مامۆستا مەزهەر خالقی، نیوتایم کارم دەکرد و نزیک بە ۲۴۰۰ میلۆدیم لەوێ نۆتاسیۆن کرد. نزیک بە ۳۰۰۰ میلۆدی باکوور و ڕۆژاڤای کوردستان لەوێ نۆتنووسیم کردووە کاری توێژینەوە لەسەر مووسیقی باکوور، ناوچەکانی ئامەد، باتمان و وان و هێندێکیش لەسەر مووسیقی ڕۆژاڤا کە هی مامۆستا ساڵح حەیدۆ بوو کردووە کە حەوسەت میلۆدی دەبێت کتێبەکەی هونەرمەند عایشێ شانیش میلۆدییەکانی من نۆتنووسیم کردووە و کەسانی دیکەش دەقەکەیانن نووسیوە و ئەنستیتۆ کەلەپوور چاپی کردووە هەتا ساڵی ۱۳۸۹ه لەوێ بووم لە هونەرەجوانەکان مامۆستای مووسیقی و سروود و ئورکسترا و سەنتوور بووم دوای ئەوەی لە باشوور هاتمەوە دەمبینی هەر شارەی گرووپێک یان چەند گرووپ بۆخۆیان خەریکی کارن هێنام ئەو گرووپ و ژەنیارانەی موکریان/سەقز، بانە، بۆکان، شنۆ مەهاباد، پیرانشار، نەغەدە، سەردەشت و… کۆ کردەوە و ئورکێسترای فلاڕمۆنیکم دامەزراند و خەریکی کار بووین و کاری باشیشمان کرد تا سەردەمی کوڕۆنا دووا کاریشمان لەگەڵ مامۆستا عەدنان کەریم بوو کە لە مەهاباددا بەڕێوەمان برد، چاردە کتێبم نووسیوە کتێبی “هەی نار”. کتێبێکی دیکە بەناوی”کاروانە” کە گۆرانی مامۆستایان محەممەد ماملێ، تاهیر تۆفیق و عەلی مەردانم نۆتنووسی کردووە و بۆ فێربوونی سەنتوورە کتێبێکی دی “چۆڵەچرا” کە سی بەیتی ناوچەی موکریانە لە هەشت بەیتبێژ کە نۆتەکەی و دەقەکەیم نووسیوە و سی دی دەنگی بەیتبێژەکانیشی لەگەڵدایە لە ڕوانگەی زانستی میوزیکولۆژییەوە داڕشتنم بۆ کردووە. کتێبێکی دیکەم”چەپکەگوڵ”ە کە گۆرانی تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان و حەسەن زیرەک و ماملێ و دوازدە گۆرانی خالقی تێدایە بۆ فێربوونی هەموو ئامێرەکانی مووسیقییە. شازدە قەتعەی خۆمم لە کتێبێکدا بەناوی “فرمێسک” نووسیوە کە فێربوونی تەواو و کامڵی سازی سەنتوورە کتێبی “جوانی موکریان” و “نەوا و جوانی ژیان” کارێکن بۆ ژەنینی سەنتوور بە دوو قۆڵی و دووژەنین دوایین قسە و ئاواتم ئەوەیە مووسیقی ئەم پیرەوڵاتە سەر کەوێت و خەڵک فێری مووسیقی بن هەنگاو بە هەنگاو فێری زانستی مووسیقی بن بەوە شاد و گەورە دەبم کە دەبینم مووزیسیەنێ بەرهەمی هەیە و شوێندانەرە و قسەی بۆ کوتن هەیە و بەپێچەوانەشەوە زۆر ناڕەحەت دەبم ئی وا هەیە کتێب کۆ دەکاتەوە یان هەموو شارەکان دەگەڕێ کاسێت کۆ دەکاتەوە، ئەوە نابێتە هونەرمەند کەسێک کە دەڵێ هونەرمەند دەبێت بەرهەمی هەبێت دەنا هەیە یەک چرکە میترێ، چ گۆرانی و چ ژەنیاری نییە ئەوە هونەرمەند نییە لە بۆکان عەبە دەڕژێ هەبووە تەپڵی لێ داوە و گۆرانی کوتووە و پتر لە دە سەعات گۆرانی تۆمار کردووە یان مەلا حوسێن لە مەهاباد لە بۆنەکاندا گۆرانی کوتووە کەچی چەندین سەعات بەرهەمی ناوازەی لەپاش بەجێ ماوە ئەو کەسانەی کە هیچیان پێ نییە و تەنیا هونەر دەشێوێنن داوایان لێ دەکەم لانی کەم زاناکانی مووسیقی کە کار دەکەن و بەرهەم دەخولقێنن، مەهەژێنن و بە چووک تێیان مەڕوانن کەسانێک هەبوون چوون زانستی مووسیقی فێربوون و زەحمەت دەکێشن ئەوانە لەسەر چاوم دادەنێم… مخابن فێرکاریی مووسیقی لە کوردستان دا لە ئاستێکی نزمدایە قەدیمییەکان دەیانکوت بە کەسێ بڵێ نازانیت کە تۆ لەو زیاتر بزانیت هونەر تەنیا گۆرانیبێژی نییە بەداخەوە گۆرانیبێژ زۆرتر ناوەند و سەنتەرە بە هۆی ئەوەی لێی حاڵی دەبن بەڵام لە فۆڕم و تەسنیف و…
بەڵام مووسیقی حاڵی نابن کەسانی هونەرمەندن کە بە هونەرەکەی تۆماریان هەبێت ئەوندە کات گوێت لە کارەکەی بووبێت نەک تەنیا ئارشیڤێکی دانابێت، ئەوە چەواشەکارییە ئەوە بۆ کۆمەڵگا خراپە مامۆستای هونەر بەو کەسە دەڵێن ئاسەواری ببێت توێژەر کەسێکە دوو کتێبی نووسیبێت.

  • نویسنده : کاوه فقیه‌زاده