موکریان بوکان آنلاین | نازانم تاکەی #مووسیقی ناسان، ژەنیاران و گۆرانیبێژانی کورد ھەر دەڵێن ئەوە مەقامی فارسە یا مەقامی عەرەبە، ئەوە ئێرانییە یا عێراقی، تورک یا ئازەرییە…کورد لە دنیادا ۴۰ میلیۆن کەسن، تا ئێستا ڕەسمولخەتێکی یەکگرتوویان بۆ خۆیان نییە؛ زمانی سۆرانی لە فۆنتی عەرەبی وەرگیراوە و زمانی کرمانجی لە ئینگلیسی یا فەڕەنسی. سەدان ساڵە شاعیر، […]
موکریان بوکان آنلاین | نازانم تاکەی #مووسیقی ناسان، ژەنیاران و گۆرانیبێژانی کورد ھەر دەڵێن ئەوە مەقامی فارسە یا مەقامی عەرەبە، ئەوە ئێرانییە یا عێراقی، تورک یا ئازەرییە…
کورد لە دنیادا ۴۰ میلیۆن کەسن، تا ئێستا ڕەسمولخەتێکی یەکگرتوویان بۆ خۆیان نییە؛ زمانی سۆرانی لە فۆنتی عەرەبی وەرگیراوە و زمانی کرمانجی لە ئینگلیسی یا فەڕەنسی. سەدان ساڵە شاعیر، نووسەر و چیرۆکنووسانی کورد لە بەشی ئەدەبیات بە زمانی دایکی شێعر، پەخشان، ڕۆمان، بەیتوباو و حەیرانیان بۆ نەتەوەکەمان بەجێهێشتووە و بەو قەناعەتە گەیشتووین کە دەبێ کار بکرێ.
بەڵام مووسیقی زانی کورد ھەر لەو بەینەدا ماوەتەوە کە ئەوە ھی ئەم بەرەیە و ئەمە ھی ئەوبەرە؛ لەم دراوسێیە ئاوا مەقام ژەندراوە، ئەوە فارسە دەزگای مووزیکی ھەیە، ئەوەی دیکە عەرەبە مەقامی مووسیقی وایە و کورد لەو بەینەدا ھیچی بۆخۆی نییە!؟
ئازیزان ئەوەی ئێمەی کورد تا ئێستا نەمانناسیوە و نەماندۆزیوەتەوە چێژە، ستایلە یا زمانی مووسیقییە؛ زمانێک کە پڕ بە پێستی مووسیقی کورد و کوردستان بێ. “مایجەر” و “ماینەر” یا “دەزگا” و “مەقام” یا “ھەوا” و “گۆرانی” کێشە نییە و ئێمەی کورد ناشتوانین پەیژەی تایبەت بە مووسیقی کوردمان ھەبێ کە تۆنالیتەکەی جیاواز بێ یا تۆنی دەسپێک و کۆتایی لەگەڵ ھەموو دەزگا، مەقام، ماژۆر و مینۆری جیھانی جیاوازی ھەبێ نە لە ناو مووسیقی سۆرانی، نە لە ناو کرمانجیدا؛ کێشەی سەرەکی مووسیقی ناس و ژەنیارەکانن کە بە ڕەمز و ڕاز یا ڕەنگی مووسیقی کورد شارەزا نین.
ئێمە زۆر کات دەڵێین مامۆستایانی گۆرانیبێژی وەک “سەید عەلی ئسکەر”، “ملا کەریم”، “سێوە”، “مشکۆ”، “ئایشەشان”، “عەلی مەردان”، “تاھیر تۆفیق”، “حەسەن زیرەک”، “محەمەد ماملێ”، “مەزھەر خالەقی”و… بەھۆی نەبوونی وڵاتی سەربەخۆ ھەڵوەدای شار و وڵاتانی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە بوون، هەروەها بە هۆی ئەوەی کە زۆربەی زۆری ژەنیارەکان کورد نەبوون، مووسیقییەکانیان تام و چێژی کوردی نەدەدا.
مەگەر تا ئێستا گرووپە مووسیقی ناسەکان چ لە ناو کوردستان و چ لە ناو موزیسییەنەکانی دەرەوەی وڵات بەو ھەموو زانستە مووسیقییە توانیویانە خۆیان نیزیک کەنەوە و چێژی مووزیکی کورد تۆمار بکەن؛ بۆ نموونە:
ـ کامکارەکان، عەندەلیبییەکان، نازری و پوورنازرێکان ھەرھەموویان لە بواری دانانی مووسیقی، تیکنیک و ژەنیاریدا زۆر بە توانان و جێدەستیان دیارە، بەڵام زیاتر شارەزای مووسیقی ڕەدیفی ئێرانین و ھەرکە بەرھەمەکانیان گوێ دەگری یەک سەر ستایلیان فارسییە، زۆر جاریش مووسیقی کوردستانیان لە خزمەت تیکنیکی مووزیکی فارس بەکار ھێناوە، چون شارەزای چێژ و زمانی دایکی مووسیقی کورد نەبوون بەداخەوە نەیانتوانیوە کارێکی بەرچاو بۆ مووزیکی کوردستان بکەن، چ وەک چێژ یا وەک فێرکاری و زانستی دراسی.
وەزعی مووسیقی کوردستان لە #رۆژھەڵات
ـ کورد لە رۆژھەڵات تا ئێستاش ھیچ ئاکادێمییەکی مووزیکی وەک “قوتابخانەی مووسیقی”، “پیمانگای مووزیکی زانستی” و “زانکۆی مووسیقی” نییە، زۆربەی ژەنیارانی رۆژھەڵات لە مووسیقی ئاکادێمی ئێران و لە مامۆستایانی مووزیکی ڕەدیفی فێری ئامێرە مووسیقییەکان بوون.
کوردی رۆژھەڵات تا ئێستاش بەقەد پەنجەکانی دەست مووسیقی زانی بەتوانای نییە، ئەوی کە ھەشە زۆر جار گۆمانیان ھەیە. ژەنیارەکانمان دەڵێن کوا خۆ کورد مووسیقی نییە، ئەوەی کە ھەمانە ھەر گۆرانی و بەستە و چەند مەقامێکی بچووکە و ناتوانین بە تەواوی ئامێرەکانی پێ فێربین، بەڵام ڕەدیفی مووسیقی ئێرانی حەوت دەزگا و پێنج ئاوازی تایبەت بە ئامێرەکانی بۆ نووسراوەتەوە و ژەنیار زۆر باش بە شێوەی زانستی فێری دەبێ.
لە #باشوور زۆر مووسیقی زانی بەتوانا بە زانستی مووزیکی سەردەمییانەوە کار و چالاکی و تۆماری زۆر بەرھەمی پرۆفێشناڵیان چ بە شێوازی گرووپی ئۆرکێستراڵ و گرووپی چەند کەسی و تەک ژەنی کردووە و زۆریش جێدەستیان دیارە؛ بۆ نموونە؛
ـ تیپی مووسیقی ھەولێر، تیپی مووسیقی سلێمانی، ئۆرکێسترای سلێمانی، ئۆرکێسترای کورد، ئۆرکێسترای ھەولێر، گرووپی بچووکی چەند کەسی وەک گرووپی باوەچی، لۆڕ، مەحوی، وە زۆر گرووپی دیکە کە لە کاناڵ و میدیاکان خەریکن کار بۆ مووسیقی وڵاتەکەمان دەکەن. دەتوانم بڵێم بە سەدان مووزیکاری باشی وەک مامۆستایان کورد قادر دیلان، ئەنوەر قەرەداغی، خالید سەرکار، سەلاح ڕەئووف، نەجات ئەمین، ع. ج. سگەرمە، وریا ئەحمەد، محەمەد زازا، چەتۆ نەورۆز و… بەڵام زیاتر شارەزای مووسیقی دراسی عەرەبی یا کلاسیکی جیھانین و کاتێک گوێبیستی بەرھەمەکانیان دەبی، زۆر بە کەمی تام و چێژی ڕاستەقینەی کوردەوارییان تێدا بەرگوێ دەکەوێ و لە بەشی ئۆرکێسترادا ھەر خەریکن مووزیکی کلاسیک دێننە نێو مووسیقی کوردییەوە. لە بەشی گرووپی چەند کەسی بەداخەوە گرووپەکان زۆر بەئیفتخارەوە ستایلی مووسیقی ئێرانی(ڕەدیفی) یا ستایلی عەرەبی و تورکی بەکار دێنن.
زۆر جاریش دەبیسین کە ئەوە فلان کەسایەتی یان مامۆستای مووزیک خەریکی کۆکردنەوەی مەقامە کوردییەکانی ناوچەی گەرمیانن یا کورد نیزیک بە ۶۰ مەقامی مووسیقی هەیە (شایانی باسە بە نووسراوە لە بواری تێئۆری مووسیقی کورد و پەیژە و دەزگا و مەقامەکانە کوردستان هێندێک کار کراوە) بەڵام ئەوەی گۆبیستی بووین ھەر لە گۆرانیبێژانی کۆنەوە بۆمان بە میرات ماوەتەوە، دڵنیاشم کە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش ھەر بەو شێوەیە کار کراوە.
وەزعی مووسیقی کوردستان لە #باشوور، #باکوور و #رۆژئاوا
ـ لە باشوور و باکوور و رۆژئاوا نیزیک بە پنجا ساڵە ئاکادێمیای مووزیکی زانستی وەک “قوتابخانەی مووسیقی”، پەیمانگای مووزیکی زانستی” و زانکۆی مووسیقی” لە زۆربەی زۆری شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەشێوەی وانەی مووزیکی ئاکادێمی خەباتی بۆ کراوە و ھەرواش بەردەوامە. بەڵام تا ئێستاش بۆیان نەکراوە مەنھەجێکی دراسی و زانستی بۆ مووسیقی کورد دابڕێژن کە پڕ بە پێستی مووزیکی کوردستان بێ.
ـ ئێمە وەک میللەتی کورد مووسیقییەکی زۆر تایبەتمان بە میرات بۆ ماوەتەوە، کە دەبێ بیپارێزین و بە باشی بەکاری بھێنین. مامۆستاکانی گۆرانیبێژمان ھەریەکە و لە بواری خۆیدا زۆر باش و ڕێکوپێک ئەو میراسە بەنرخەیان بۆ پاراستووین، “دیارە کورد مووسیقییەکەی لە گۆرانیبێژەکانەوە بۆ ماوەتەوە” ئەوە ئێمەین کە دەبێ بە باشی کەلکی لێوەرگرین و بە شێوەی زانستی و دراسی مۆسیقای زمانی دایکی بناسین و فێربین.
ھیندێک خەڵک ھەیە بێ ئەوەی ھیچ لە مووسیقی زانستی یا لە گۆرانی و دەزگا و مەقامەکانی کورد یان لە ئامێرە مووزیکییەکان بزانێ و زانیارییەکیان ھەبێ، خۆ لە بابەتێک لە بابەتەکانی مووسیقی دەدەن، بەتایبەت گۆرانیبێژی. زۆر ئاستەمە و دەبێ بەباشی بابەتە مووسیقییەکانی وڵاتەکی بناسێ جا بیر لەوە بکاتەوە کە لە بواری ھونەری دەنگبێژیدا کار بکا. بەداخەوە ئەوەی ئێستا بەسەرمان ھاتووە زۆربەی بە هۆی ئەوە بووە کە گۆرانیبێژان لە زانستی مووزیک ھیچ سەردەرناھێنن و بێ ئەوەی بزانن خەریکن کاری چەندین ساڵەی ئەو مامۆستا زەحمەتکێشانەی کاریان بۆ کردووین خراپ دەکەن، تازە جیلی داھاتووش نازانن، وەدەزانن ئەوەی گوێیان لێدەبێ زۆر تەواوە، ھەر بۆیە خۆلێدان لە مووسیقی نەتەوەیی زۆر ئەرکێکی ئینسانی، زانستی و نەتەوایەتییە و بۆ ھەر کوردێک کە لە کۆی ئەو زەوییە ژیان بەسەر دەبا.
ـ ئێمە دەبێ وەک وڵاتانی دیکە لە سەرەتاوە فێری زمانی مووسیقی دایکیمان بین و لە ئەلفوبێوە حەول بدەین بە شێوەی ئاکادێمیک ئامێرەکان بژەنین و پێبەپێی زانستی مووسیقی کوردستان لە ئەلفوبێوە تا پێشکەوتوو بە زانستێکی تەواوەوە ئامێرە مووزیکییەکانی وڵاتەکەمان بناسین و کاری پێ بکەین.
ـ کورد بۆ دراسەی ڕاھێنان لەسەر پێناسەی تام و چێژی مووزیکی کوردستان دەبێ خۆی لە فۆرمە مووسیقییەکان ھەوێن بکا و لە چەند بەشدا مووزیکەکەی بە نۆت بنووسێتەوە و بەشێوەی زانستی کلاسی و خانەبەندی دراسی (ئەلفوبێ، سەرەتا تا مامناوەند و پێشکەوتوو) لە چەند کتێبێکدا بیخاتە بەر دەستی خۆلیایانی مووسیقی کوردستان بۆ فێربوون و ڕاھێنانەکانی وانەی مووزیک کەلکی لێ وەرگیرێ، تا میلەتی کوردیش بەو ئامانجە گەورەیە بگا لە مووسیقییەکەیدا.
فۆرمەکانی مووسیقی کورد بریتییە لە (گۆرانی، ئاواز، دەزگا، مەقام، بەیت، بەند، ھەوا، حەیران، لاوک و لاوژە، سیاچەمانە، ھۆرە، چەمەرێ) و هتد، کە ناسنامەیەکی مووسیقییە لە کوردستان و ھەریەکە و تایبەت بە ناوچەیەکی کوردستانە، کە دەبێ مووزیکاری کورد بەباشی بیانناسێ و بەکاریان بێنێ.
ـ منی مووزیکار کاتێک مووسیقی رەدیفی و ئاوازی ئێرانم بە ماوەی ھەشت ساڵ (۷۲ تا ۸۰) لە پایتەختی ئێران (تاران) تەواو کرد و زۆریشم حەوڵ دا کە بەردەوامبم بەڵام بە ئاوڕدانەوەیەک بەسەر وڵاتەکەم گەیشتمە ئەو قناعەتە کە کار لەسەر مووسیقی کوردستانەکەم بکەم، ھەر بەو بۆنەوە زیاتر لە دە پەرتووکم (ھەزار و دووسەد مێلۆدی و مەقامم بە بۆت نووسراوەتەوە) لەسەر مووسیقی کوردستان کۆکردۆتەوە و دامڕشتووە، بەشێوەی زانستی و ڕاھێنانی مووسیقی کوردی بۆ ئامێری “سەنتوور” و بۆ لێکۆلینەوەی موزیک کە چاپ کراون، بەڵام کوا تاکە کەسێک لە موکریان دەتوانێ ئەو خەونە دێرینەیەی چەندین و چەند ساڵەی باب و باپێرانمان بھێنێتەدی. ناسینی مووسیقی کوردستان زۆر کارێکی زەحمەتە و کاری کەسێک یا ناوچەیهک لە کوردستان نییە، ھەر بۆیە من بە وەزیفەی دەزانم و داوا لە ھەموو مووزیسییەنە کوردەکان دەکەم خۆیان بپارێزن لە مووسیقی دەورووبەر و پابەندبن بە زانستی مووسیقی، خەباتێک و حەولێکی باش بدەن تا ئێمەی کورد ناسنامەیەکی نەتەوایەتیمان ھەبێ بۆ مووزیکەکەمان.
لە کۆتاییدا تا مووسیقی تەواوی کوردستان پاک و پیسی لێ جیا نەکرێتەوە و خانەبەندی مەقامی، دەزگایی یا بە زمان و نووسینی کوردی بەدەزگا و مەقام بگووترێ (#پەیژە و ئاواز)، یان چریکەی پەیژەی ئای ئای، پەیژەی دووگا، پەیژەی سێ گا، پەیژەی چوارگا و هتد… نەکرێ و چەند ڕیوایەتێکی لە ناو ھەموو مووسیقی زانانی کورد نەبێ، مووزیکی کورد ھەروا پڕشوبڵاوە، کاتێک “خانەبەندی” کرا و بوو بە مۆسیقای کلاسیک یا دراسی، ئەوکات دەتوانین بەھەموو شێوازە مووسیقییەکان کاری لەسەر بکەین و دڵنیابین رۆژێک جیھانیش دەبێ.
لەگەڵ ڕێزم
- نویسنده : کاوه فقیهزاده











Friday, 12 December , 2025