هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی ناسراوی کورد مامۆستا «عه‌باس مسته‌فازاده» به نازناوی هونه‌ریی عه‌باس ماتۆڕی شه‌وی چوارشەمە ۱۲‌ی خەزەڵوەری ۱۴۰۰ی هەتاوی به هۆی تووشبوون به نه‌خۆشی کۆڕۆنا له نه‌خۆشخانه‌ی شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
موکریان بۆکان ئانڵاین، ئه‌و هونه‌رمه‌نده خه‌ڵکی ئاوایی تورجان و له ماوه‌ی ساڵانی چالاکی هونه‌ریی خۆیدا به پێشکه‌ش کردنی چه‌ندین گۆرانی و شێعری حیماسی، هۆنراوه‌ی ته‌نز و پێکه‌نین و به‌یت و باوی ره‌سه‌ن و فۆلکلۆری کورده‌واری، هه‌ستێکی خۆشی و بزه‌ی ده‌خسته سه‌ر لێوه‌کان و له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی ساده و رۆحسووک و زۆر خۆشه‌ویست ناسرابوو، پێگه و رێزێکی تایبه‌تی هه‌بوو.
یه‌که‌مین نه‌وار کاسێت و به‌رهه‌می هونه‌ریی مامۆستا عه‌باس ماتۆڕی سه‌باره‌ت به تڕاژیدییه‌کی زۆر تاڵ و ناخۆشی کۆتایی ساڵانی ۶۰ی هه‌تاوی به ناوی «شێعری منداڵه‌کانی میراوا» که به ده‌ستی باوکیان به ده‌م شه‌پۆلی چۆم و گۆمی سهرسهکۆدا دران، به هاوکاری هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری بلیمه‌ت و پایه‌به‌رزی کورد مامۆستا قادر عه‌بدوڵڵازاده قاله‌مه‌ڕه بڵاو کرده‌وه و به‌و شێوه‌یه هاته نێو گۆڕه‌پانی هونه‌ری مۆسیقای ره‌سه‌ن و فۆلکلۆری کوردی.
زۆربه‌ی گۆرانی و به‌رهه‌مه‌کانی مامۆستا عه‌باس ماتۆڕی له ساڵه‌کانی کۆتایی ده‌یه‌ی ۶۰ و سه‌ره‌تای ۷۰ی هه‌تاویدا له لایه‌ن تۆمارگای ته‌ڵایی له شاری بۆکان به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کاک مسته‌فا سارهبانزاده وه‌کوو هونهرپارێزکی دڵسۆز له‌سه‌ر کاسێت تۆمار و بڵاو ده‌کرایه‌وه. دواتر چه‌ندین کلیپی گۆرانی و به‌رهه‌می دیکه‌ی له‌سه‌ر سیدی و له رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆنه‌کانی کوردی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه و له دانیشتنه‌کانی مه‌جلیس و ماڵان بڵاو کرده‌وه و ناو و ناوبانگێکی زۆری په‌یدا کرد.
هه‌روه‌ها چه‌ندین گۆرانی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و به‌رهه‌می هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مامۆستایان قادر مامه‌ندی، عه‌لی گڵێنانی، سه‌ید ئیبڕاهیم ئیسماعیلزاده (سه‌قزی)، جه‌عفه‌ر بوغده‌داغی، حه‌سه‌ن میراوایی، مه‌حموود میراوایی، یووسف مسته‌فا و هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژی دیکه تۆمار و بڵاو کردۆته‌وه.
هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ مامۆستا عه‌باس ماتۆڕی بێجگه له توانایی و شاره‌زایی له هۆنینه‌وه‌ی شێعر و پارچه هه‌ڵبه‌سته‌کانی تایبه‌ت به گۆرانی و به‌رهه‌مه‌کانی خۆی که هاوپه‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ به‌سه‌رهاتی مێژوویی و ئێش و ئازاره‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی بوون، به ده‌ربڕینی ده‌رده‌کانی خه‌ڵکی و نزیک بوونه‌وه‌ی له ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌وان، جه‌ماوه‌ر و هه‌وادارێکی زۆری بۆ خۆی په‌یدا کرد.
مامۆستا عه‌باس ماتۆڕی خاوه‌ن شێوازی چڕینی گۆرانی مه‌جلیسی تایبه‌ت به خۆی که به ده‌نگێکی حه‌زین و گه‌رم و به هاوڕێیه‌تی ئامێره‌کانی باغڵه‌مه و ئۆرگ، له نێو هونه‌ری مۆسیقای فۆلکلۆری خۆوێژی و شادمانی کوردی‌دا شێوازێکی نوێ و تازه‌ی هێنایه ئاراوه که دواتر له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی به‌ندبێژی وه‌کوو مامۆستا مسته‌فا شێواو، ئیسماعیل سه‌رده‌شتی و ئاوات بۆکانی به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشت.
مامۆستا عه‌باس ماتۆڕی به‌رهه‌می شێعری «ئه‌شکه‌وتی گه‌وه‌ر» له هۆنینه‌وه‌ی خۆی و به ژه‌نیاریی هونه‌رمه‌ندی موزیکزانی ناسراوی کورد و سه‌رپه‌رشتیاری تیپی مۆسیقای باواجی شاری کۆیه، مامۆستا «سه‌فین عه‌بدولڕه‌زاق» سهفینکۆیی تۆمار و بڵاو کرده‌وه. هه‌روه‌ها به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی خۆی به ناونیشانی شێعری حیماسی و هۆنراوه‌ی پڕمانا و هه‌ست بزوێنی «میرسالار و گوڵ په‌ری خان» به ژه‌نیاریی نایه‌ی مامۆستا «عوسمان محه‌مه‌دی» عوسمانه‌سوور بڵاو کردۆته‌وه.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا به هۆی تووشبوون به نه‌خۆشی گورچیله ده‌یناڵاند و به‌رده‌وام له هاتوچۆی نه‌خۆشخانه و له ژێر چاودێری پزیشکی و ده‌ستگای دیالیزدا بوو. له‌گه‌ڵ سه‌ختی باری ژیانی هونه‌ری و دابین کردنی بژیوی ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌ی هێشتا له خزمه‌ت کردن به هونه‌ری گۆرانی و رازاندنه‌وه‌ی کۆڕ و کۆبوونه‌وه و مه‌جلیسی لایه‌نگرانی دڵسۆزی هونه‌رکه‌ی هه‌ر به‌رده‌وام بوو؛ له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌م و ده‌رد و ژانه‌کانی جه‌سته و رۆحی ماندووی خۆی، ته‌نیا بۆ ساتێکیش له کۆمه‌ڵگا هونه‌ردۆسته‌که‌ی دانه‌بڕا و هه‌میشه بۆ سارێژ کردنی ئێش و زامه‌کانی ئه‌وان گۆرانی پێشکه‌ش ده‌کرد.
ته‌رمی مامۆستا عه‌باس ماتۆڕی دوانیوه‌ڕۆی چوارشەمە ۱۲‌ی خەزەڵوەری ۱۴۰۰ دوای ته‌مه‌نێک عیشق و دڵسۆزی و خزمه‌تی بێ وچان بۆ هونه‌ری ئه‌م نیشتمانه له گۆڕستانی شاری بۆکان به خاک سپێردرا. یاد و ناوی به‌رز و پیرۆز بێت.
بۆکان ئانڵاین راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی خه‌ڵکی کوردستان
Thursday, 31 October , 2024