به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، فیلمی سینەمایی “مالیخوولیا” Melancholia لە دەرهێنان و بەرهەمێهنانی “موڕتەزا ئاتەش زەمزەم”، لە وێنەگرتنی سینەماکاری کورد “حەسەن ئەسڵانی” و لە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی سینەماکاری ناوداری کورد “توورج ئەسڵانی” لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بالیوود” Bollywood لە وڵاتی هیندستان چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن و لەوحەی ڕێزلێنانی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بە “توورج ئەسڵانی” سینەماکاری داهێنەر و نوێخوازیی کورد بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بالیوود” بریتی بوون لە: “ئاشوک ڕێنە” Ashok Rane دەرهێنەر و ڕخنەگری سینەما لە وڵاتی هیندستان ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، دکتۆر “ئاشوک میشرا” Ashok Mishra سیناریۆنووس و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هیندستان، “ئامیت ڕای” Amit Rai دەرهێنەر لە وڵاتی هیندستان، “تۆقیر ئەحمەد” Tauquir Ahmed ئەکتەر و دەرهێنەر لە وڵاتی بەنگڵادیش و خاتوو “ماریان بۆرگۆ” Marianne Borgo ئەکتەر لە وڵاتی فەڕەنسا.
دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بالیوود” لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و بە هەڵسەنگاندنی بەرهەمە سینەماییەکان، بەڵگەفیلم، کورتە فیلم، سیناریۆ، موزیک ڤیدیۆ، فیلمە هیندییەکان و … لە سینەماکارانی وڵاتانی جیهان لە ڕۆژانی ۱۲ تا ۱۴ی دیسەمبەری لە شاری بەمبەئی لە وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
www.bollywoodinternationalfilmfest.com
- نویسنده : مەنسوور جیهانی
Monday, 25 November , 2024