به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی”، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی “ڕەز هەڵکەوت ڕەشید” لە هەرێمی کوردستان، که له یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی “ئاسۆی سینەمای جیهان” لە سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەکۆئێست” Cinequest لە وڵاتی ئەمەریکا لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی دنیا و هەروەها فێستیڤاڵی باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار نمایشکرا، لە دووهەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا به ئامادهبوونی ههندێک له ستاف و ئهکتهره سهرهکییهکانی لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
“بێنیشتمان” به ئامادهبوونی “تورهج ئهسڵانی” و ههندێک له ئهکتهره سهرهکییهکانی لهوانه: هانی موجتەهیدی، شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی و بەڕۆژ ئاکرەیی له دوو سانسی جیاوازدا واته: له کاتژمێر ۵ی ئێوارێی ڕۆژی چوارشهمه ۱۷ی نۆڤهمبهری ۲۰۲۱ له هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک و هەروەها له کاتژمێر ۹ی شهوی پێنجشهمه ۱۸ی نۆڤهمبهری ۲۰۲۱ له هۆڵی سینەمایی ناوەندی “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک له ههرێمی کوردستان نمایش دهکرێت.
“بێنیشتمان” لە لایەن کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت” لە ئاستی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” کە بە یادی “یەڵماز گۆنای” دەرهێنەر ناوداری سینەما و براوەی خەڵاتی چڵە خورمای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا (۱۹۸۲) و بە مەبەستی پردێکی پەیوەندیی لە نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ئاڵووگۆڕی فەرهەنگی نێوان نەتەوە جۆراوجۆرکانی دنیا دامەزراوە؛ هەشتەمین خولی به نمایشی ۹۴ فیلم له سینهماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”، بەشی “ڕوانینێک بە سینەمای جیهان”، بەشی “پانۆڕامای سینەمای کوردی”، بەشی “نمایشی تایبەت” و … لە ڕۆژانی ۱۵ تا ۲۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک و هەروەها له هۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.
لە “بێنیشتمان” دوایین بهرههمی سینهمایی “توورهج ئهسڵانی” دهرهێنهری نوێخوازیی کوردستان و ئێران؛ تێکهڵاوێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی تیایدا ڕۆڵیان بینیوه.
بۆ زانیاریی زیاتر: http://www.duhokiff.com/
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”.
- نویسنده : مەنسوور جیهانی
Thursday, 5 December , 2024