به پێی ڕاپۆڕتی موکریان بۆکان ئۆنلاین، فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی نمایشی “فیلمە بڵیندە سینەماییەکان” لە شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لیدێن” Leiden لە وڵاتی هۆڵەندا نمایشکرا و لە درێژەدا ئامادەبوونە جیهانییەکانیدا لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لیدز” Leeds لە وڵاتی بەریتانیا باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار بەشدارە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لیدێن” LIFF کە ساڵی ۲۰۰۶ دامەزراوە، بە یەکێک لە فێستیڤاڵە فیلمە پێشڕەوەکان لە هۆڵەندا دێتەئەمار و فیلم گەلێک نمایش دەکات کە تیایدا سنووری نێوان سینەمای ئەم وڵاتە و ڕەوتی سەرەکی سینەما لە سەرتاسەری جیهان بخاتە بەر لێکۆڵینەوە.
شازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لیدێن” بە نمایشی زیاتر لە ۱۰۰ فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە بەشەکانی وەکوو؛ نمایشی “فیلمە بڵیندە سینەماییەکان”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلم”، بەشی “دەرەوەی پێشبڕکێی کورتە فیلم”، بەشی “گێژکردن” BONKERS و … لە ڕۆژانی ۲۸ی ئۆکتۆبەر تا ۷ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.
“ئەزموون” لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لیدز” Leeds لە وڵاتی بەریتانیا و باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار بەشدارە و لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە کاتژمێر ۵:۴۵ی ئێوارێی ڕۆژی دووشەمە ۸ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ نمایشکرا و لە درێژەدا لە کاتژمێر ۴:۱۵ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە ۱۰ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ و هەروەها لە کاتژمێر ۱:۱۵ی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەمە ۱۱ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ لە شاری لیدز، دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لیدز” LIFF لە لایەن ئەنجوومەنی شاری لیدز و ڕێکخراوەی فیلمی بەریتانیا و بە نمایشی کۆمەڵێک بەرهەم لە سینەماکارانی وڵاتانی دنیا لە ڕۆژانی ۳ تا ۱۸ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۱ لە شاری لیدز لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
ئەم فێستیڤاڵە، یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوە سینەماییەکان لە بەریتانیا دێتەئەژمار کە دوای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لەندەن”، گرینگترین فێستیڤاڵی ئەم وڵاتەیە. لەم فێستیڤاڵەدا کۆمەڵێک بەرهەم لە فیلمسازە بەهرەمەندە نوێیەکان، داهێنەرەکان و بەرچاوەکان و هەروەها ئەو فیلمانەی کە تا ئێستا لە بەریتانیا نمایش نەکارون، هەڵدەبژێرێت و بە نمایش کردنی ژانڕە جۆراوجۆرەکان لەوانە: خەیاڵاویی، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن، بەشێکی کاریگەر و بایەخداری هەبووە لە ناساندنی بەهرەمەندانی پیشەی فیلم و سینەما.
“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
بۆ زانیاری زیاتر:
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فهیسبووک:
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.
- نویسنده : مەنسوور جیهانی
Thursday, 12 September , 2024